رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سەر کەنیسەیەکی ئوردن بڵاوکردەوە، هێرشەکە بە "تیرۆریستی" ناودەبات و سەرکۆنەی دەکات و ئەو جۆرە کارانە بە "هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی" ناودەبات.
لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە تووندترین شێوە ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکات، کە کڵێسایەکی لە پارێزگای (کەرەک) لە شانشینی ئوردنی هاشمیی دۆست کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی و بریندار بوون."
هاوکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی و داخ و پەژارەی قووڵی بەرانبەر بەو کردەوە تاوانکارییە دەردەبڕێت و ئاماژەی بەوە کردووە، "پێشێلکارییەکی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و ئەو بنەمایانەیە کە ئازادیی خواپەرستی و پاراستنی شوێنە ئایینییەکان و گیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەستەبەر دەکەن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان "رەتکردنەوەی بنبڕی خۆی بۆ هەموو جۆرەکانی تیرۆر و تووندوتیژی و تووندڕۆی دووپات دەکاتەوە،" هەروەها جەخت لەوەش دەکاتەوە، "بەئامانجگرتنی پەرستگاکان و هەوڵەکانی چاندنی تۆوی دووبەرەکی و نانەوەی ئاژاوە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی و هیچ ئەنجامێکیان نابێت، جگە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری."
حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ ئوردن رادەگەیێنێت و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان دەکات، هیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواستووە.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی پتەوکردنی هاریکاری، هەماهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکاتەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەکان.
ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی تەقەکردنی چەند چەکدارێک لەنێو کەنیسەیەک لە پارێزگای کەرەکی باشووری ئوردن، حەوت کەس کوژران و 34 کەسی دیکەش بریندار بوون.



