رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکان رایانگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر پێگە ستراتیژییەکانی سعودیە؛ لەوانە سێ فڕۆکەخانە بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریازی پایتەختیشەوە، دوو دامەزراوەی نەوتی، بۆرییەکی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت و بنکەیەکی ئاسمانی.
رۆژی شەممە 24-10-2026 یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی دووژمنی سعودی بە دوو قۆناخ" کردووەتە ئامانج، هەروەها فڕۆکەخانەی دەمام لە رۆژهەڵات و فڕۆکەخانەی نەجران لە باشووری سعودیەش کراونەتە ئامانج.
سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیت لە باشووری وڵاتەکە لەگەڵ "وێستگەکانی نەوتی خاو و هێڵی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا" بە هەمان شێوە کراونەتە ئامانجی هێرشەکانیان.
ئەم هێرشانەی حووسییەکان دوای ئەوە هاتن، هەر لە رۆژی شەممەدا هێرشێکیان کردە سەر شاری عەدەن لە باشووری یەمەن، کە وەک پایتەختی کاتیی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی (بە پاڵپشتیی ریاز) دادەنرێت.
حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشەکە بنکەیەکی دەریایی و سەربازگەی نەسری سەرپەرشتیکراو لەلایەن هێزەکانی سعودیەی پێکاوە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان کە بە گوتەی ئەوان بووەتە هۆی کوژرانی 16 کەس (لە نێویاندا ژن و منداڵ) لە سەنعای پایتەخت و شاری بەندەریی حودەیدە لەسەر دەریای سوور.
لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی یەمەن ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە بەر بارەگای پاسەوانی کەناراوەکان کەوتووە.
پێش هێرشەکان، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە تێکشکاندنی دوو مووشەکی لە ئاسمانی شارەکانی تائیف و یەنبەع لە رۆژئاوای وڵاتەکە راگەیاند؛ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سعودیەش هۆشداریی ئەمنیی کاتیی لە چوار ناوچە، لەنێویاندا مەککەی پیرۆز بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد پەنا بۆ شوێنی پارێزراو ببەن.
شاری یەنبەع یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعودیە لەسەر دەریای سوور، کە رێگە بە ریاز دەدات بەبێ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا نەوتەکەی هەناردە بکات.
شەڕی ناوخۆی یەمەن، کە لە ساڵی 2022ـەوە بەهۆی ئاگربەستەوە تاڕادەیەکی زۆر راگیرابوو، لە مانگی تەمووزی رابردووەوە هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە گەورەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دووبارە سەریهەڵدایەوە؛ بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی رابردوو حووسییەکان لە هێرشێکی خێرادا تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووریان کۆنترۆڵ کرد.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان، سەرەتای ئەم مانگە هێرشێکی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی دەیانی دیکەی لێکەوتەوە، بەو هۆیەوە واشنتن لەم هەفتەیەدا فەرمانی بە بەشێک لە دیپلۆمات و خێزانەکانیان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سعودیە کرد وڵاتەکە جێبهێڵن.



