رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری کۆمەڵەی پیشەیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران دەڵێ، بەهۆی زیادبوونی تێچووەوە، نرخی تیکتی گەشتە ئاسمانییە نێوخۆییەکان بە رێژەی 45٪ گران کرا.
رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، مەجید ئەخلاقی، سکرتێری کۆمەڵەی پیشەیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران رایگەیاند: "بەهۆی زیادبوونی تێچووەکان، بە هاوئاهەنگیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، نرخی تیکتی گەشتە ئاسمانییە نێوخۆییەکان تێکڕا 45٪ زیادکرا و هەر لەم مانگەیشەوە نرخە نوێیەکان جێبەجێ دەکرێن."
سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تیکتەکان، سکرتێری کۆمەڵەی پیشەیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران گوتی، پێشتر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەیانتوانی دۆلار بە نرخی حکومی وەربگرن، بەڵام نزیکەی مانگ و نیوێکە وەرگرتنی دۆلاری حکومی رووبەڕووی بەربەست بووەتەوە و کۆمپانیاکان بۆ دابینکردنی پارەی پێویستی خۆیان پەنایان بردوەتە بەر بازاڕی ئازاد.
بە گوتەی مەجید ئەخلاقی، زیاتر لە 50٪ی تێچووی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، وەک کڕینی بزوێنەر، دابینکردنی هەندێک پارچەی یەدەگ لە دەرەوەی وڵات و وەرگرتنی خزمەتگوزارییە فرۆکەخانەییەکان لە دەرەوەی وڵات، بە دراوی بیانی ئەنجام دەدرێن، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نرخی تیکتە ناوخۆییەکان هەیە.
مەجید ئەخلاقی روونیکردەوە: "بۆ نموونە، نرخی تیکتی هێڵی تاران-مەشهەد کە پێشتر 12 ملیۆن تمەن بوو، بۆ 17 ملیۆن تمەن زیادیکردووە."
ئەخلاقی رایگەیاند، ئەو نرخانەی لەلایەن کۆمەڵەکەوە راگەیێندراون بەرزترین نرخن و هیچ کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی مافی نییە پێشێلی نرخە نوێیەکان بکات.
سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران بووەتەهۆی رێگریکردن لە کڕینی فڕۆکەی نوێ و پارچەی یەدەگ، ئەمەش کۆمپانیا ناوخۆییەکانی رووبەڕووی قەیرانی تێچوو و سەلامەتی کردووەتەوە.



