رووداو دیجیتاڵ
ئوردن رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە سێ کەسیان بە تۆمەتی هێرشەکەی سەر کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکس لە پارێزگەی کەرەک دەستگیرکردووە، کە بووە هۆی کوژرانی نۆ کەس و برینداربوونی 25 کەسی دیکە.
رۆژی دووشەممە 26-10-2026 میدیای فەرمیی ئوردن رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمنیدا، تیمەکانی لێکۆڵینەوە و هەڵکوتانەسەر، توانیویانە هەر سێ "تیرۆریستەکەی" بەرپرس لە هێرشە "ترسنۆکانەکە" دەستگیربکەن؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا شەڕ و پێکدادان روویداوە و هەر سێ تۆمەتبارەکە بریندار بوون.
رۆژی هەینی چەکداران هەڵیانکوتایە سەر حەوشەی کەنیسەی مار جەرجیس (سانت جۆرج) لە گوندی حەموود لە پارێزگەی کەرەک، لە کاتێکدا رێوڕەسمی بەخاکسپاردن بەڕێوەدەچوو و دەستڕێژی گولـلەیان لە ئامادەبووان کرد.
پارێزگەی کەرەک ژمارەیەکی بەرچاو لە پێکهاتەی کریستیانی لەخۆدەگرێت، کە لە ئوردن نزیکەی 2 بۆ 3 لەسەدی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن.
مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بکوژەکانمان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لە تەواوی ئەو هۆکارانە دەکەین کە گەنجان بەرەو تووندڕۆیی دەبەن، لێپرسینەوەش لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەستیان لەم رووداوەدا هەبووە."
پێشتریش عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، کە لە دوای هێرشەکە چاوی بە بریندار و کەسوکاری قوربانییان کەوت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا رایگەیاند، "ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئوردن هێڵی سوورە و دەستی دادپەروەری دەگاتە هەموو تیرۆریستێک"؛ رۆژی هەینیش هۆشداری دابوو، بە تووندترین شێوە وەڵامی هێرشەکە دەدرێتەوە.
بە فەرمانی جەعفەر حەسان، سەرۆکوەزیرانی ئوردن، لە رۆژی هەینییەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی لە سەرتاسەری وڵاتەکە راگەیێندرا و ئاڵای ئوردن لەسەر دامودەزگە فەرمی و حکومییەکان هێنرایە خوارەوە.
رۆژی یەکشەممەش بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و ژمارەیەک لە کەسایەتییە ئایینییەکان، تەرمی هەشت لە قوربانییەکان لە تەنیشت کەنیسەکە بەخاکسپێردران.

