رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵێکی چڕ و پڕ دەدات بۆ ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسدا زۆترین تیشک و سەرنجی لەسەر بێت و لە بەربژێرەکان زیاتر بدرەوشێتەوە، چونکە پێیوایە بەو شێوەیە جۆش و خرۆش دەخاتە نێو لایەنگرانی و یارمەتیی بەربژێرە کۆمارییەکان دەدات هەژموونیان بەسەر کۆنگرێسدا بپارێزن. لێ دابەزینی جەماوەرەکەی بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی، رەنگە بیکاتە بارگرانییەکی قورس بەسەر شانی پارتەکەیەوە.
بە درێژایی مانگی پێش هەڵبژاردنەکەی 3ی تشرینی دووەم، ترەمپ گەشتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ ویلایەتە جیاجیاکان چڕکردوونەتەوە. رۆژانە ئاسمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبڕێت بۆ سازکردنی گردبوونەوەی نوێ لە شار و ویلایەتی نوێ، چونکە بڕوایەکی نەگۆڕی هەیە بەوەی تەنیا خۆی دەتوانێت کڵپەی جۆش و خرۆش لە دڵی بنکە جەماوەرییەکەیدا وەگەڕبخات، کە لایەنگرانی بزووتنەوەی "MAGA"ن.
ئەم هەنگاوانەش هاوتەریب بوون لەگەڵ هێرشی زارەکی بۆسەر دیموکراتەکان و وێناکردنیان وەک کۆمۆنیست یان پشتیوانکارانی "شێواندنی رەگەزگۆڕاوان بە نەشتەرگەری"، شانبەشانی بەڵێنی پێدانی پارە بە خەڵکی ئاسایی لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆمارییەکاندا. ئەمە هەمان ئەو تێکەڵە جادووییەی ترەمپە بۆ رەتکردنەوە و کەمکردنەوە لە بایەخی ئەو راپرسییانەی نیشانیدەدەن ترەمپ و کۆمارییەکان لەسەر پەتێکی لەرزۆکن.
پیتەر لۆج، بەڕێوەبەری کۆلێژی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە زانکۆی جۆرج واشنتن، لەم بارەیەوە دەڵێت: "ترەمپ پێی وایە کە هەر بەخۆی کلیلی چارەسەری سەرجەم کێشەکانی کۆمارییەکانە، بۆیە زۆر پێداگری لەسەر ئەو خاڵە دەکات."
لە کۆنگرەیەکی دەگمەنی پارتەکەیدا بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولەوە کە لە مانگی ئەیلوول لە شاری داڵاس بەڕێوە چوو، ترەمپ ئەوەی لە دڵیدا بوو درکاندی و گوتی: "وا مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن وەک ئەوەی ناوی من لەسەر کارتی دەنگدان بێت، بۆ دواجار و کۆتا جار."
پاشەکشەیەکی پێوانەیی لە جەماوەریبووندا
ئەم هەڵبژاردنەی نیوەخولی کۆنگرێس بە گشتپرسییەک لەسەر قۆناخی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ دادەنرێت. ئەویش گرەو لەسەر پێشینەی خۆی دەکات و بڕوای وایە دەتوانێت هەژەند (سوپرایز)ی سیاسی دروست بکات، بە پشتبەستن بە تۆمارەکانی رابردووی، هەر لە سەرکەوتنە شۆکهێنەرەکەیەوە لە هەڵبژاردنەکانی 2016ـەوە بگرە، تا دەگاتە گەڕانەوە بەهێزەکەی لە ساڵی 2024.
بەڵام کێشەکە ئەمجارە ئەوەیە، بەپێی دوایین راپرسی، پشتیوانیکردن لە 45 و 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی پێوانەیی، بە چەشنێک، لە ساڵی 1946ـەوە هیچ سەرۆکێک بەم ئاستە نزمەی جەماوەرەوە نەچووەتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولەوە.
لۆج دەڵێت: "ئەگەری زۆرە ئامادەیی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، زیان بە کۆمارییەکان بگەیەنێت. هۆکاری ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پارتی فەرمانڕەوا هەمیشە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا باج دەدات و تووشی زیان دەبێت، بەڵام بەشەکەی دیکەیشی پەیوەستە بەو دابەزینە مێژووییەی لە ئاستی پشتیوانیی جەماوەریدا رووی داوە."
رەنگە ترەمپ سەرکەوتوو بێت لە هاندانی بنکە جەماوەرییەکەی بۆ بەشداریکردن لە دەنگداندا، بەڵام وەک لۆج ئاماژەی پێ دەکات: "ترەمپ هێندە دەنگدەری وەفاداری نییە کە بتوانن گۆڕانکارییەک لە ئەنجامەکاندا بکەن."
لەگەڵ هەڵکشان و تەشەنەسەندنی ترس و دڵەڕاوکێی کۆمارییەکان لە لەدەستدانی هەژموونیان بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران و پیراندا لە بەرژەوەندیی "شەپۆلێکی شینی" دیموکراتەکان، تاوەکو دێت زیاتر نیشانەکانی شڵەژان و پەشێوی لەنێو ریزەکانیاندا بەدی دەکرێن. هەر بۆیە ترەمپ دەستکاریی نەخشە و پلانەکانی کردووە، تاوەکو بانگەشەی هەڵبژاردن و گردبوونەوە جەماوەرییەکانی لەو ویلایەتانەدا چڕتر بکاتەوە کە پێشتر بە قەڵای نەبەزیوی کۆمارییەکان دادەنران، لە سەروو هەمووشیانەوە ویلایەتی تێکساس. هاوکات پێشبینییەکانی خۆیشی راگەیاندووە کە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار لەم هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە خەرج دەکرێت.
گوتارێکی تووندتر و زمانێکی زبرتر
ئەو شڵەژان و سەرلێشێواوییەی بەرۆکی کۆمارییەکانی گرتووە، رەنگدانەوەی تەواوی لەنێو گوتارەکانی ترەمپدا هەبووە. لەگەڵ گەرمبوونی تینی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و درێژەکێشانیاندا، ترەمپ لە گوتارە خۆڕسک و بێئامادەکارییەکانی نێو گردبوونەوەکاندا، پەنای بردووەتە بەر زمانێکی زبرتری جەمسەرگیری و هاندان بۆ ئاژاوە.
بۆ نموونە، عەبدولرەحمان سەید، ناسراو بە عەبدول سەید، کاندیدی چەپڕۆ و موسڵمانی دیموکراتەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی میشیگن، بە "جیهادی" ناو دەبات. ترەمپ هەروەها لە دژی بەربژێرێکی دیکەی دیموکراتەکانیش دەستەواژەی دژی رەگەزگۆڕاوەکان بەکار دەهێنێت. لەولاشەوە دیموکراتەکان بە کۆمۆنیست پێناسە دەکات و هێرشی سەخت و دژواریش دەکاتە سەر میدیاکان.
لە چەند بۆنەیەکی دیکەشدا، لە رێڕەوی قسەکانی لای داوە و چووەتە نێو بابەتی لاوەکیی سەیروسەمەرەوە. بۆ نموونە، لەم رۆژانەی دواییدا خولیایەکی زۆری پیشان داوە بۆ قسەکردن لەسەر سمتی پیاوان و ژنان، هەر لە جۆن هاستێد، سیناتۆری ئۆهایۆوە بگرە تا دەگاتە نیکی میناجـی گۆرانیبێژی راپ.
بەڵام لە کاتێکدا لایەنگرە هەرە سەرسەختەکانی بەوپەڕی خرۆشانەوە کارلێک لەگەڵ گوتارە ئاگرینەکانی دەکەن، ئەم رەفتارانە رەنگە ببنە هۆی دوورکەوتنەوە و بێزاربوونی بنکە جەماوەرییە نەریتییەکەی کۆمارییەکان. تەنانەت ئەگەر ئەم توێژە دەستیشیان نەچێتە ئەوەی دەنگ بە دیموکراتەکان بدەن، ئەوا لەوانەیە سادە و ئاسان، لە رۆژی دەنگداندا لە ماڵەوە بمێننەوە و ئەرکی دەنگدان نەکێشن.
سامانی زیاتر، دەردەسەریی زیاتر
ستراتیجییەکی دیکەی ئەم ملیاردێرە تەمەن 80 ساڵانە، بریتییە لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە هێزی پارە، بەڵام بەو مەرجەی کۆمارییەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
ترەمپ بەڵێنی داوە، ئەگەر کۆمارییەکان زۆرینەی خۆیان لە کۆنگرێس بپارێزن، بڕی پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر هاووڵاتییەکی پێگەیشتووی ئەمریکی خەرج دەکات. ئەم بەڵێنانەش گومانێکی قووڵ و بەرفراوانیان دروست کردووە. پرسیار ئەوەیە، ئەم کارەی ترەمپ تا چەند یاساییە و دەتوانێت ئەم پەتە تا کوێ رابکێشێت پێش ئەوەی بپسێت، کە تێچووەکەی دەگاتە ترلیۆنێک دۆلار.
بەڵام راپرسییەکان پێشانی دەدەن کە زۆرینەی ئەمریکییەکان گومانیان لە بەدەستهێنانی ئەو بڕە پارەیە هەیە.
هەروەها ترەمپ موژدەی خۆشی بەو دەنگدەرانە دەدات کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە (کە دەرهاویشتەی شەڕی دژ بە ئێرانە) زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە: دانانی پلانی فریاگوزاریی دارایی بۆ جووتیاران و سووککردنی سزاکانی سەر کەنەدا بە مەبەستی یارمەتیدانی شارۆچکە سنوورییەکان.
سەرباری ئەمانەش، هەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت، گیرفانی ئەمریکییەکانی گەرم نەکردووەتەوە. لە کاتێکدا جەنگی دژی ئێران چەقی بەستووە، میدیاکانی ئەمریکا بە بەرفراوانی باس لەوە دەکەن کە ترەمپ بیر لەوە دەکاتەوە لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، دەست بە لێدانی ئێران بکاتەوە و ئاگری جەنگەکە جارێکی دیکە جۆش بداتەوە.
لەم نێوەندەشدا، هەستاوە بە واژۆکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا بۆ ئەوەی تێنوێتیی گازوایلی ئەمریکییەکان بشكێنێت، بەهۆی ئەمەشەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پشتی لە ئۆکرانیا کردووە و دەستی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا تێکەڵ کردووە. لەوانەیە گرنگترین ستراتیژی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەخول، خۆی لەو کارانەدا ببینێتەوە کە لە داهاتوودا دەیانکات.
لێرەشەوە، پرسیارگەلێک دێنە پێشەوە: ئاخۆ ئەگەر کۆمارییەکان تووشی شکست ببن، ترەمپ وەک جاری جاران، وەک چۆن لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی 2020ـدا کردی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەخولیش رادەکێشێت بۆ نێو بازنەی گومان؟
رۆژی دووشەممە، ترەمپ خەڵاتێکی بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار راگەیاند بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی سەلماندنی تۆمەتی پەیوەست بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا. هەفتەی رابردووش، رێنمایی دەرکرد بۆ تۆمارکردنی سكاڵایەکی پێشوەختەی یاسایی، بۆ پەکخستنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران لە ئەلاسکا، لە ئەگەری دۆڕانی بەربژێرە کۆمارییەکە.
لەم رووەوە، لۆج بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێت: "بە دووری دەزانم کە سەرۆک ترەمپ بە شکست رازی بێت و بە بێدەنگی لە گۆڕەپانەکە بکشێتەوە."



