رووداو دیجیتاڵ
دوای جیاکردنەوەی 93٪ـی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی گشتیی ئیسرائیلدا، هاوپەیمانێتییەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەسەر بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت تۆمار کرد. بەڵام هیچ کام لە دوو بەرە رکابەرەکە ناتوانن زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت (61 کورسی) مسۆگەر بکەن، ئەمەش چەندین هەفتە لە ململانێ و چەقبەستوویی سیاسی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، بەرەکەی نەتەنیاهوو بەرەو مسۆگەرکردنی 53 کورسی هەنگاو دەنێت، کە 11 کورسی لە هاوپەیمانێتیی ئێستای کەمترە. لە بەرامبەردا، بەرەکەی ئایزنکۆت بە بەدەستهێنانی 48 کورسی لە دوای نەتەنیاهووەوە دێت. هاوکات پارتە عەرەبییەکان لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنێکی مێژووییان تۆمار کردووە و لە رێگەی بەدەستهێنانی 19 کورسییەوە بوونەتە هێزێکی دیار، بەڵام هاوپەیمانێتیی ئایزنکۆت لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بە ئەگەرێکی تەواو دوور دادەنرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاند، سەرەتا راپۆرتی "ترسناک و نەرێنی"ـی لەسەر دۆخی نەتەنیاهوو لە هەڵبژاردنەکە پێگەیشتبوو، "بەڵام ئێستا ئەو لە دۆخێکی زۆر باش دایە."
ترەمپ گوتی: "بیستوومە پاڵپشتییەکەی من جیاوازییەکی گەورەی بۆ بیبی (نەتەنیاهوو) دروستکردووە." لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا دەستوەردان دەکات بۆ هاندانی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی نەتەنیاهوو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا بیری لێنەکردووەتەوە بەڵام "سەیری بابەتەکە دەکات."
هەوڵەکانی هێرزۆگ و مەترسیی هەڵبژاردنی پێشوەختە
ئێستا نزیکەی 500 هەزار دەنگ ماون کە جیا نەکراونەتەوە، کە بریتین لە دەنگی سەربازان، دیپلۆماتکاران و زیندانییان؛ هەرچەندە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاریی کەم لەو ئەنجامانە بکەن، کە تائێستا راگەیێندراون.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست بە راوێژ لەگەڵ پارتەکان دەکات بۆ راسپاردنی یەکێکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت و گوتی: "دەبێت هەموو توانایەکمان بەکاربهێنین، بەتایبەت دوای دوێنێ، بۆ ئەوەی رێگری لە خولێکی دیکەی هەڵبژاردن بکەین."
ئەگەر هیچ لایەنێک زۆرینە پێک نەهێنێت، پێدەچێت لە مانگی نیساندا وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە بچێت.
لە کاتێکدا هێرزۆگ هەوڵی نزیککردنەوەی نەتەنیاهوو و ئایزنکۆت دەدات بۆ حکومەتی هاوبەش، نەتەنیاهوو شەوی سێشەممە داوای "حکومەتێکی بەهێزی راستڕەو"ی کرد و خواستی بۆ حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی پێشان نەدا.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، پێشبینی دەکرێت نەتەنیاهوو هەوڵی راکێشانی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن بدات، هەرچەندە پێشتر هەموویان بەڵێنیان دابوو پەیوەندی بە بەرەکەیەوە نەکەن. لە بەرامبەردا، ئەگەر ئایزنکۆت هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی کەمینە بە پشتیوانیی پارتە عەرەبییەکان بدات، رەنگە زوو هەڵبوەشێتەوە.
شارەزایان پێیانوایە مانەوەی نەتەنیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو، رەنگە باشترین بژارە بێت بۆ خۆی؛ چونکە دەسەڵاتی تەواوی لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەدا پێدەبەخشێت تاوەکو درێژە بە پلانی جەنگی نوێ دژ بە ئێران بدات.
هاوکات پێشبینی دەکرێت لەگەڵ سوێندخواردنی پەرلەمانی نوێ لە هەفتەی داهاتوودا، ئۆپۆزیسیۆن زۆرینەی پۆستە سەرەکییەکانی کنسێت لەوانەش سەرۆکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدات یاسای دڵخوازی خۆیان تێپەڕێنن، وەک پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نیشتمانی سەبارەت بە کەمتەرخەمییە ئەمنییەکانی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر.


