رووداو دیجیتاڵ
موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەی کۆبووەوە.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، رێبەری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیی شەڕی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وڵاتانی "دووژمن" بە یەکێک لە پێویستییەکان ناوبرد و رایگەیاند، پێویستە هەر ئاست و جۆرێکی هەڕەشە، وەڵامی خێرا و کاریگەر و بێ سنووری جوگرافیی هەبێت.
موجتەبا خامنەیی رایگەیاند: "ئەگەر دووژمنان جارێکی دیکە هێرشی سەربازی یان تیرۆریستی دەستپێبکەنەوە، ئەوا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێرانن کە کات و مەرجی کۆتاییهاتنی دیاری دەکەن."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لە بەهێزکردنی بواری زانیاریی سەربازی، قووڵکردنەوەی بەرگریی خۆماڵی، پەرەپێدانی توانای بەرگری و ئەمنیی نوێ بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و بەهێزکردنی ورە و هەوڵی بێوچان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکان کردەوە.
وەک میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، بڕیاردرا لیستی ئامانجەکان بە شێوەیەک نوێ بکرێتەوە کە هەموو جۆرە سامانی مادی و مەعنەویی "دووژمنی ئەمریکی-زایۆنی بکەوێتە بەر ئامانجی هێزە چەکدارەکان".
خامنەیی پشتیوانیی نیشتمانی لە هێزە چەکدارەکانی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی رێگریکردن لە نەیارەکانی ئێران ناوبرد.
.webp&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
