رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران و پەرلەمانتاری ئێستای ئەو وڵاتە هەڕەشە لە وڵاتانی ئەورووپا دەکات و دەڵێ، ئەگەر جەنگێکی دیکە دژی ئێران دەستپێبکات، ئەم جارە ئەورووپاش دەگرێتەوە.
مەنووچێهر موتەکی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدینەژاد و پەرلەمانتاری ئێستای تاران، شەوی یەکشەممە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی باسی ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ، پرسی ئەتۆمیی ئێران و دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا کرد.
مەنووچێهر موتەکی رایگەیاند، ئەگەر جەنگێکی دیکە لەگەڵ ئێران دەستپێبکات، ئەم جارە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نابێت، بەڵکو بەرفراوانتر دەبێت و ئەورووپاش دەگرێتەوە.
موتەکی جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەگەری هێرشێکی نوێدا ئێران هیچ سنوورێک بۆ هێرشەکانی ناناسێت و گوتی: "لابردنی سنوورداریی جوگرافی، واتاکەی بۆ هێزەکانمان، گەلی ئێمە، لایەنە دەرەکییەکان و دووژمنانمان روونە، واتە ئەگەر بڕیار بێت جەنگێک رووبدات، ئیدی ناوچەیی نابێت، بەڵکو لە ناوچەکە دەچێتە دەرەوە، چونکە ئیدی هیچ سنووردارکردنێکی جوگرافی نامێنێت."
بە گوتەی مەنووچێهر موتەکی، "وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال و ئەڵمانیا بنکە سەربازییەکانی خۆیان خستە بەردەستی هێزەکانی ئەمریکا، تاوەکو دوای پڕچەککردنیان بە بۆمب و تەقەمەنی، هێرش بکەنە سەر ئێران، بۆیە ئەو وڵاتانەش لە تاوانەکانی ئەمریکادا هاوبەشن."
"دەتوانین مەودای مووشەکەکانمان زیاتر بکەین"
پەرلەمانتارەکەی تاران ئاماژە بە توانای مووشەکیی ئێران دەکات و دەڵێت: " "ئێمە ئەم توانایەمان هەیە کە مەودای مووشەکەکانمان تاوەکو ئەو رادەیەی پێویستمانە زیاتر بکەین."
موتەکی دەڵێت: "ئەگەر لایەنێک بتوانێت مەودای مووشەک لە 300 کیلۆمەترەوە بگەیەنێتە 2000 کیلۆمەتر، هەروەها ئاراستەکردنی مووشەک بەرەو کەشتیی جەنگیی ئەبراهام لینکن پێش هەڵدانی مووشەک بۆ دوورگەی دیگۆ گارسیا، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم توانایە لە ئێراندا هەیە."
پێویستە ئێران لە پەیماننامەی ئێن پی تی بچێتە دەرەوە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەنووچێهر موتەکی رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە ئێران لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) بچێتە دەرەوە.
موتەکی گوتی: "پێم وایە ئەگەر بڕیار بێ سەبارەت بە ئێن پی تی و چوونەدەرەوە لێی بڕیارێک بدرێ، کاتی ئەوە هاتووە، بەڵام پێویستە سەرنج بدرێ کە هەنگاوی داهاتوو یان هەنگاونان بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆم، لە دەسەڵات و کاروباری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە."
تووندتربوونی لێدوانی بەرپرسانی ئێران لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا تاران و واشنتن لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان رێکنەکەوتوون و هەوڵی نێوەندگیرەکانیش هیچ ئەنجامیان نەبووە، بۆیە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان هەردوو لایەن زیاتر بووە.



