رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆمەڵێک دەسەڵاتی تایبەتی بە حکومەت بەخشیوە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی گەورەشارەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کۆمەڵێک دەسەڵاتی داوەتە حکومەت."
پزیشکیان بەبێ ئەوەی وردەکاریی مەرج و دەسەڵاتە پێدراوەکان ئاشکرا بکات، گوتیشی: "هەوڵدەدەین لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە کێشەکان چارەسەر بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش رێبەرایەتی دەسەڵاتی پێویستی پێداوین."
ئەم ئاماژەیەی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەکاتێکدایە، لەسەر ئاستی ناوچەکە ترسی ئەوە هەیە کە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا (لە 3ی تشرینی دووەم)، جەنگەکە دەستپێبکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو کە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هیچ هێرشێکی نوێ ناکەنە سەر ئێران، بەڵام بژاردەی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی دوای هەڵبژاردنی بە کراوەیی هێشتووەتەوە؛ لە بەرامبەریشدا موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران رۆژی شەممەی رابردوو فەرمانی دایە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی وەڵامی هەر پەلامارێکی نوێ بدەنەوە.
پێشتر قەتەر پێشنیازی پلانێکی حەوت رۆژەی بۆ دروستکردنی متمانە خستبووە بەردەم هەردوولا، بەڵام تاران رەتیکردەوە و پێداگری لەسەر مەرجەکانی خۆی دەکات کە بریتین لە: هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر بەندەرەکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی لە دەرەوە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەبێ بەربەست.
.jpg&w=3840&q=75)



