رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، وەڵامی واشنتن بۆ داواکاری و مافەکانی تاران قایلکەر نەبووە. جەختیش دەکاتەوە کە تەنگەی هورمز تەنیا ئەو کاتە دەکرێتەوە کە ئەمریکا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەم، موحسین رەزایی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "وەڵامی ئەمریکا بۆ ماف و داواکارییەکانی ئێران قایلکەر نەبووە و دەبێت بە روونی و بە تەواوی وەڵامی حەوت مەرجەکەی تاران بدەنەوە و کاری پێبکەن، تەنیا لەو کاتەدا تەنگەی هورمز دەکرێتەوە."
هەر ئەمڕۆ، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، هیچ پێشهاتێکی نوێ لە دۆسیەی گفتوگۆکاندا نەبووە و گۆڕینەوەی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هاوشێوەی رابردوو بەردەوامە.
ئەم لێدوانەی رەزایی دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا نێوەندگیرە قەتەرییەکان لە دوو سەردانی جیادا چوونەتە تاران و پلانێکی نوێی ئاشتییان پێشکەش بە بەرپرسانی ئێران کردووە، بەڵام لە کاردانەوەی تارانەوە وا دەردەکەوێت کە پلانەکە لەلایەن ئەو وڵاتەوە پەسند نەکراوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی نووسیبوو. هیچ هەواڵێک بڵاونەکراوەتەوە کە رەزایی وەڵامی ئەو نامەیەی دابێتەوە، بەڵام عەباس عێراقچی دوێنێ رایگەیاندبوو، چونکە نامەکە بۆ سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی نووسراوە، بڕیاری وەڵامدانەوەی لەئەستۆی ئەودایە.

