رووداو دیجیتاڵ
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل دانپێدانانی فەرمیی بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەفتەی رابردووی وڵاتەکەیدا راگەیاند و بە یاسایی پەسەندی کرد، هاوکات دەستی بە راوێژەکانی لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ؛ هەنگاوێک کە وەک گورزێک لە هەوڵەکانی بنیامین نەتەنیاهوو بۆ بێمتمانەکردنی هەڵبژاردنەکە دادەنرێت.
نەتەنیاهوو و لایەنگرانی لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بەبێ خستنەڕووی بەڵگە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پارتە عەرەبییەکان بە هاوکاریی دەرەکی هەڵبژاردنەکەیان "دزیوە"، ئەمەش دوای ئەوەی بەرەکەی نەتەنیاهوو زۆرینەی لە پەرلەمان (کنێسێت) لەدەستدا و پارتە عەرەبییەکان سەرکەوتنێکی مێژووییان تۆمارکرد. لە بەرامبەردا، هێرزۆگ جەختی کردەوە: "هەڵبژاردن کۆتایی هات، ئێستا کاتی ئەوەیە رووبەڕووی راستییەکان ببینەوە."
کۆمیسیۆن: هیچ ساختەکارییەک لە هەڵبژاردندا نەکراوە
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دوای لێکۆڵینەوە لە سەرجەم سکاڵاکانی ساختەکاری، رایگەیاند کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی پێشێلکاری نەدۆزراوەتەوە کە زیانی بە پاکوبێگەردیی پرۆسەکە گەیاندبێت یان کاری لە ئەنجامەکان کردبێت.
نوام سۆهلبێرگ، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و دادوەر لە دادگای باڵا، لە کاتی رادەستکردنی ئەنجامە پەسەندکراوەکان بە هێرزۆگ گوتی: "متمانەی خەڵک بە پرۆسەی هەڵبژاردن بە ئاسانی لەنێودەچێت، بەڵام چاککردنەوەی زۆر سەختە"، هاوکات هۆشداری دا کە گومانخستنە سەر ئەنجامەکان مەترسیدارە و ئەنجامەکان یەکلاکەرەوەن.
دەستپێکردنی راوێژەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران
لە هەڵبژاردنی 27ـی تشرینی یەکەمدا، نە بەرەکەی نەتەنیاهوو و نە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت نەیانتوانی 61 کورسیی زۆرینە بەدەستبهێنن.
هێرزۆگ شەوی چوارشەممە راوێژەکانی لەگەڵ پارتەکان دەستپێکرد؛ سێ فراکسیۆنی هاوپەیمانی نەتەنیاهوو داوایان کرد نەتەنیاهوو بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێت، لە بەرامبەردا لایەنێکی دیکە ئایزنکۆتی بەربژێر کرد. بڕیاریشە رۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئیسرائیل لەگەڵ هەشت پارتی دیکە کۆببێتەوە، لەنێویاندا هەردوو لیستە عەرەبییەکە. لە کۆتاییدا هێرزۆگ شیاوترین بەربژێر دەستنیشان دەکات کە چانسی زۆرتری بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی هەبێت.
رەتکردنەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکان
لە پێشهاتێکی دیکەدا، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) داوای مۆڵەتی لە داواکاری گشتی کرد تاوەکو لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی باڵای عەرەب بکات، لەوانە مەنسوور عەباس، سەرۆکی پارتی رەعەم؛ بەڵام گالی باهاراڤ میارا، داواکاری گشتیی ئیسرائیل داواکەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "بەبێ بەڵگەی سەلمێنەر، رێگە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەڵبژێردراو نادرێت."
لیستی هاوبەشی عەرەبی ئەم هەوڵەی شاباکی بە "هەڵمەتێکی بە فیتی نەتەنیاهوو" ناوبرد بۆ لێسەندنەوەی رەوایەتی لە دەنگی عەرەب. لە بەرامبەردا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی لە بەرەی راستڕۆی تووندڕۆ، داوای لە دەزگای شاباک کرد سەرجەم سەرکردەی پارتە عەرەبییەکان دەستگیر بکات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات.
هێرزۆگ رەخنەی تووندی لە لێدوانە دژە عەرەبەکان گرت و رایگەیاند: "دەبێت دەنگدەرانی عەرەب لە ئیسرائیل ناوزڕاو نەکرێن، من ئەو دەستەواژە ناشرین و رەگەزپەرستانەیە سەرکۆنە دەکەم کە لەم دواییانەدا بیستوومانن.



