رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێ، تەنگەی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە. هۆشداریش دەدات کە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی کەنداو و رۆژئاوای ئاسیاش لە مەودای مووشەک و درۆنەکانی تاراندان.
محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپا (ئەرتەش)ی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەش ئەرتەش، سوپای پاسداران و هێزەکانی پۆلیس، بەهۆی ئەو ئەزموونەی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەدەستیانهێناوە، "بەهێزتر لە سەرەتای جەنگ لە ئامادەبایی تەواودان."
ئەکرەمینیا ئاماژەی بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانیان بەهۆی ئەزموونی شەڕەوە بەهێزتر بوون و گوتی: "ئێران بە خۆڕاگری لە جەنگدا، هاوکێشە سیاسییەکانی ئەمریکای گۆڕی."
سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ، گوتەبێژی سوپای ئێران روونیکردەوە، سەرەڕای کشانەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا "ئەگەری دەستدرێژیی دووبارەی ئەو وڵاتە بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە، چونکە لەوانەیە واشنتن بەهۆی دۆخ و دەستەوەستانی سیاسییەکەیەوە دەست بۆ هەنگاوێکی دیکە ببات."
ئەکرەمینیا هۆشداری دا کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی نوێدا، واشنتن رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دەبێتەوە و گوتیشی، "بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا و کەنداویش، لە مەودای درۆن و مووشەکەکانی ئێراندان."
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیووزی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ دوێنێ پێنجشەممە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆسەر ئێران و بەگوتەی بەرپرسەکان، کەشوهەوای رۆژی دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گونجاوە بۆ ئەوەی تێیدا هێرش بکرێتەوە سەر ئێران.

.jpg&w=3840&q=75)

