رووداو دیجیتاڵ
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کرد کە رێککەوتنێکی "باش" پەسندبکەن لەبری ئەوەی بەدوای رێککەوتنێکی "بێ کەموکوڕی"دا بگەڕێن و ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوو وڵات ناتوانن بگەنە رێککەوتنێکی تەواو و نموونەیی.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر رۆژی هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنفرانسێکدا لە بەریتانیا رایگەیاند، پێویستە واشنتن و تاران لەبری هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی نموونەیی، رێککەوتنێکی باش پەسند بکەن.
بە گوتەی دیپلۆماتێکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بۆ بلومبێرگ، هەردوو وڵات لە گەیشتن بە کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە، بەو پێیەی تاران ئامادەیی پیشانداوە گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات کە پێشتر رەتیدەکردەوە باسی بکات.
بەرپرسێکی ئەمریکی و دیپلۆماتێکی ئاگاداری بابەتەکەش بە میدیای ئیسرائیلیان گوتووە، دەکرێ ئەنجامێکی هەوڵەکانی ئێستای نێوەندگیرە قەتەرییەکان ئەوە بێت کە ئێران بڕیاری سنووردارکردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی بدات.
دیپلۆماتەکە دەڵێت، لە پێشنیازی قەتەرییەکاندا باسی وەستاندنی تەواوەتیی یۆرانیۆم نەکراوە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە دەبێت نیگەرانییەکانی تایبەت بە یۆرانیۆمی بەرزپیتێندراو بڕەوێندرێنەوە و لە بەرامبەریشدا سزاکانی سەر تاران سووک دەکرێن.
ئێستا تاران تاوتوێی ئەو پێشنیازانە دەکات کە لەلایەن دەوحەی نێوەندگیرەوە پێشکەشکراون، کە دەکرێ ببێتەهۆی هەنگاوێکی گەورە لە دانوستاندنەکاندا دوای چەقبەستوویی لە شکستی ئاگربەستەکەی مانگی حوزەیرانەوە.
هاوکات رۆژنامەی تەلەگراف لە زاری چەند سەرچاوەیەکەیەوە بڵاویکردەوە کە موحسین رەزایی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە سەردانەکەی دوێنێ پێنجشەممەدا بۆ مۆسکۆ نامەیەکی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گەیاندووەتە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، تایبەت بە داواکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-400.
بەرپرسێکی باڵای ئێران بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، تاران "گەشبینە" بەوەی پووتین ئەو سیستمەیان پێبدات کە ساڵانێکە داوای دەکەن.
هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی ئێس-400 دوای ئەو زیانە گەورانە دێت کە بەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی کەوتوون.
بە گوێرەی بلومبێرگ، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن مۆسکۆ بەهۆی لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە، لە پێدانی ئەم سیستمە دوودڵە؛ هاوکات پێداویستییەکانی ناوخۆی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا سنوورداریی بۆ فرۆشتنی سیستمە بەرگرییەکانی دروستکردووە.


