رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانی فراوانکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران رەتدەکاتەوە و دەڵێ، تاران لە رێگەی وشکانی و دەریاییەوە گەمارۆ دراوە و ئەتۆمە پیتێنراوەکەیشی کەوتووەتە ژێر خاکەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قیشم پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام دەڵێن هێرشەکە دوور بووە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و هیچ زیانێکی بە ژێرخانی دوورگەکە نەگەیاندووە.
هێرشەکانی سەر قیشم
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگانی باشووری ئێران هێرشی شەوی یەکشەممەی ئەمریکای بۆ سەر دوورگەی قیشم پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هیچ زیانێک بەر ژێرخانی دوورگەکە نەکەوتووە.
نەفیسی گوتی: "ئەو شوێنانەی لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج، لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی دوور بوون و دوای خەمڵاندنی تەواوەتی، قەبارەی زیانەکان رادەگەیێندرێت."
شەوی یەکشەممە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە لە دوورگەی قیشم و بەندەر عەباس دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە.
لە بەندەر ماهشەهری خوزستانیش دەنگ بیسترا، بەڵام وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگار رەتیکردەوە هێرش کرابێت و گوتی: "دەنگە بەهێزەکان پەیوەندییان بە تەقینی دوو بگۆڕی کارەباوە هەبوو، نەوەک هێرشی درۆنی یان مووشەکیی دووژمن."
ترەمپ: جەنگ فراوان ناکەین و وێستگەکان ناتەقێنینەوە
لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی بی ئێس نیووز)ی وڵاتەکەی وردەکاریی نوێی لەبارەی جەنگی ئێران و گەمارۆ ئابوورییەکان خستەڕوو.
دۆناد ترەمپ جەختی کردەوە بەدوای گەورەبوونی جەنگدا ناگەڕێ و گوتی: "من بەدوای ئەوەدا ناگەڕێم و نامەوێ گەورەی بکەم، چونکە پێموانییە هیچ هۆکارێک بۆ فراوانکردنی شەڕەکە لە ئارادا بێت."
ترەمپ هۆکاری نەتەقاندنەوەی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێرانی روونکردەوە و گوتی: "ئێستا دەتوانم بڕۆم و لەنێویان ببەم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بنیاتنانەوەیان قورسە. ئەگەر پردەکان و وێستگەکانی کارەبا بتەقێنمەوە، سەختترین شت بۆ دروستکردنەوە پردە گەورەکانن. لەوێ پردی زۆر گەورە و ناوچەی شاخاویی سەخت هەن کە بە پردەکان پێکەوە بەستراونەتەوە. 10 تاوەکو 12 یان 15 ساڵی دەوێ بۆ دروستکردنەوەیان. هەروەها وێستگەکانی کارەبا دووەم سەختترین شتن بۆ دروستکردنەوە. ئەوە بارگرانییەکی زۆر گەورە لەسەر شانی خەڵک دروست دەکات و من ئەمەم پێ باش نییە."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد ئۆپەراسیۆنی (دەروازەی ئاسنین) کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گوتی: "ئەمەش واتای ئەوەیە هیچ شتێک لە رێگەی وشکانییەوە ناچێتە نێو ئێران، وەک دەزانن لە رێگەی گەمارۆ دەریاییەکەشەوە هیچ شتێک لە رێگەی ئاوەوە ناچێتە نێو وڵاتەکە، بۆیە ئێمە بە تەواوی گەمارۆمانداون. ئەوان مووچەی سەربازەکانیان نادەن و مووچەی پاسدارانیان نادەن و هەڵاوسان گەیشتووەتە 301٪ و هیچ پارەیەکیان نییە و دۆخیان باش نییە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد لە شەش تاوەکو حەوت مانگدا تەنانەت یەک سەربازی ئەمریکیش لەم جەنگەدا نەکوژراوە، لە کاتێکدا لە جەنگی رووسیا و ئۆکراینادا مانگانە 25 هەزار کەس دەکوژرێن.
دۆسیەی ئەتۆمی، چیای قوڵنگ و بڕیاری لێدانی ئێران
ترەمپ لەبارەی چاودێریکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش قسەی کرد و گوتی: "لەڕێی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مندا دروستکرا، دەتوانین باجەکانی سەر شانیان و ناویان بخوێنینەوە. رێک لێرەوە، دەتوانین هەموو شتێک ببینین. بۆ نموونە بە تەواوی دەزانین لە چیای قوڵنگ چی روودەدات. ئێمە لە چیای قوڵنگمان نەدا، چونکە هیچ جووڵەیەک لەوێ نەبوو، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لە 5 خولەکدا دەتوانین ئەو کارە بکەین."
ترەمپ لەبارەی ئەتۆمە پیتێنراوەکەی ئێرانیش قسەی کرد و گوتی: "ئەوان هیچ شتێکیان نییە، هەموو مادە ئەتۆمییەکەیان لەژێر هەزاران تۆن بەرددایە."
ترەمپ بەرگری لە بڕیاری دەستپێکردنی جەنگ کرد و گوتی: "ئەگەر بگەڕێمەوە هەمان دۆخ دووبارەی دەکەمەوە، لەڕووی مێژووییەوە ئەمە وەک یەکێک لە باشترین کارەکان تۆمار دەکرێ کە ئەنجاممان دابێت، چونکە ئەگەر رۆژێک لە رۆژان ببوونایەتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەواوی جیهانیان وێران دەکرد. دەزانن بۆچی؟ چونکە ئەوان شێتن."
دیدار لەگەڵ شی جینپینگ و پووتین
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد بەم زووانە سەردانی چین دەکات بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ئاپێک کە رێکخراوێکە لە ساڵی 1989 دامەزراوە و 21 وڵات لەخۆدەگرێ.
ترەمپ گوتی: "دەچمە چین، پێم وایە یەکێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک پووتین و سەرۆک شی دەبێت. ئەمەش شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت. لەبارەی زۆر شتەوە قسە دەکەین کە داماڵینی چەکی ئەتۆمیش دەگرێتەوە، بەڵام لەبارەی زۆر شتی دیکەشەوە قسە دەکەین."


