رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانیان جێبەجێ بکات و گەمارۆی دەریایی و سزاکان هەڵبگرێت، لە ماوەی دوو رۆژدا ئاسایش بۆ تەنگەی هورمز دەگەڕێننەوە؛ هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش داوا دەکات کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 09-11-2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا تیشکی خستە سەر دۆسیەی دانوستاندن لەگەڵ واشنتن و گوتی: "پڕۆژەکەی ئێران کە بە 'پڕۆژەی دوو رۆژە' ناسراوە، دەرخەری ئەوپەڕی نیازپاکیی ئێمەیە. ئەگەر ئەمریکا داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات، رووداوی زۆر ئەرێنی لە ناوچەکە روودەدەن و ئاسایش دەگەڕێتەوە تەنگەی هورمز."
بەقایی ئاماژەی بە مەرجەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "هیچ شتێکی نالۆژیکی لە داواکارییەکانی ئێراندا نییە؛ دەبێت ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، سزاکان هەڵبگرێت، کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی بهێنێت و لە تەواوی بەرەکان شەڕ رابگرێت. دیپلۆماسی و جەنگیش لای ئێمە جیا نین و تەواوکەری یەکدین، تا ئەو کاتەی بە پێویستی بزانین هەردوو ئامرازەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان بەکاردەهێنین."
"گوشارەکانی ئەمریکا پەیوەندیی تاران و بەغدا تێکنادات"
سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتن بۆ راگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تاران، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە کێشە بۆ بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکان دروستکراوە، بەڵام هەرچەندە گوشارەکانی سەر عێراق قورس بن، پەیوەندییە مێژووییەکانی تاران و بەغدا تێکناچن، چونکە ئێران و عێراق دوو دراوسێن و وەک دراوسێش دەمێننەوە."
لە وەڵامی تۆمەتەکانی ئیسرائیلیش لەبارەی چەکی کیمیایی، بەقایی گوتی: "ئەمە درۆیەکی بێبایەخە. ئێران وەک ئەندامێکی پەیماننامەکانی قەدەخەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ، خۆی گەورەترین قوربانیی چەکی کیمیاییە و بەکاری ناهێنێت." هاوکات تەرخانکردنی 20 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە وەک خەڵات بۆ زانیاری لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بە "سەرلێشێواویی واشنتن" ناوبرد دوای ئەوەی پێشتر گوتبوویان توانای ئەتۆمیی تاران لەنێوبراوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڕەشەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ دوو ئیدارەیی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ یەکێتی، گوتی: "ئێمە هیوادارین کێشەکان بە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان و هەروەها لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن. دەستووری عێراق لەم بوارانەدا کێشەکانی یەکلایی کردووەتەوە و دەستوور باشترین بنەمایە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان بە بەشداریی 52 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، کۆتاکان، سۆسیالیست، بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و سێ پەرلەمانتاری جیابووەوەی یەکێتی کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا؛ لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دانیشتنەکەی رەتکردەوە و کشانەوەی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت راگەیاند و هەڕەشەی دروستکردنی ئیدارەیەکی هاوتای لە سلێمانی کرد.



