رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، دوو هاووڵاتیی وڵاتەکەیان بە تۆمەتی کردەوەی "تیرۆریستی" لەسێدارە داوە؛ رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش دەڵێ، یەکێک لەو کەسانە لە کاتی ئەو تاوانەی دراوەتە پاڵی، منداڵ بووە.
رۆژی شەممە 14-11-2026، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەریەک لە فازڵ سەفوانی و جەواد قورەیریس بە چەند تۆمەتێک تاوانبار کراون، لەوانە تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان و پەیوەندیکردن بە "رێکخراوێکی تیرۆریستیی" بیانییەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو دوو کەسە هەردووکیان هاووڵاتیی سعودیەن و دوای ئەوەی دادگەی باڵای وڵاتەکە تانەکەیانی رەتکردەوە، لە پارێزگای رۆژهەڵات لەسێدارە دراون.
لە بەرامبەردا، رێکخراوی مافی مرۆڤی (ریپریڤ) کە بنکەکەی لە لەندەنە رایگەیاند، جەواد قورەیریس لە کانوونی یەکەمی 2020 بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان و رێکخستنی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکراوە و لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا تەمەنی 14 ساڵ بووە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، قورەیریس لەژێر ئەشکەنجەدا ناچارکراوە دانپێدانانی ناڕاست بکات و ئەو سزایەش بەشێک بووە لە "تۆڵەسەندنەوە"ـی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە خێزانەکەی.
بەگوتەی ریپریڤ، برا گەورەکەی قورەیریس لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2011 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سعودیەوە کوژراوە و دوو برای دیکەشی سزای زیندانیکردنی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراوە.
رێکخراوەکە دەڵێ، لە مانگی ئابی 2025ـەوە، سعودیە پێنج کەسی لەسێدارە داوە کە لە کاتی ئەو تاوانانەی دراونەتە پاڵیان منداڵ بوون؛ سەرجەمیشیان سەر بە خێزانە شیعەکانی پارێزگای رۆژهەڵات بوون و تۆمەتبار کرابوون بە بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی سەردەم و دوای بەهاری عەرەبیی ساڵی 2011.
پارێزگای دەوڵەمەند بە نەوتی رۆژهەڵات، زێدی کەمینەی شیعەیە لە سعودیە کە سوننەشی لێ دەژی.
مانگی رابردووش، سعودیە رایگەیاند، پێنج کەسی دیکەی لە هەمان پارێزگا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر لەسێدارە داوە و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندبوو، یەکێکیان لەسەر تاوانێک سزادراوە کە لە تەمەنی 14 ساڵیدا کردوویەتی.
جید بەسیونی، بەرپرسی پڕۆژەکانی سزای لەسێدارەدان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی ریپریڤ گوتی: "لە سعودیەکەی محەممەد بن سەلماندا، سزای ناڕەزایەتی و دژایەتیکردن مردنە و لە دوو ساڵی رابردوودا زۆر بە روونی بینیمان ئەمە منداڵانیش دەگرێتەوە."
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە، سعودیە 17 کەسی بە تۆمەتی "تیرۆر" لەسێدارە داوە کە زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە لە تەواوی ساڵی 2025ـدا 40 کەس بەو تۆمەتە لەسێدارە درابوون.
هەر بەپێی ئەو ئامارە، سعودیە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە گشتی 211 کەسی لەسێدارە داوە، لەنێویاندا 100 هاووڵاتیی سعودی و 126 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە هۆشبەر کە 90 کەسیان بیانی بوون.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، سعودیە لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2025، لە دوای چین و ئێران، سێیەم وڵاتی جیهان بووە لە زۆریی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندا.
لە بەرامبەردا، شانشینی سعودیە دەڵێ، سزای لەسێدارەدان بۆ پاراستنی ئاسایشی گشتی پێویستە و تەنیا دوای تەواوبوونی سەرجەم قۆناخەکانی تانەلێدان جێبەجێ دەکرێت.
