رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان فەرماندەیەکی باڵای باڵی سەربازیی حەماسیان لە غەززە کردووەتە ئامانج؛ کەتیبەکانی قەسامیش کوژرانی فەرماندەکەیان پشتڕاست کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، سەمیر ئەبو یونس، "کە رۆڵێکی سەرەکیی لە داڕشتنی پلانی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەبووە،" رۆژی شەممە 14-11-2026 کوژراوە.
سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە (شاباک) لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە: "کەمێک پێش ئێستا سوپای ئیسرائیل و شاباک تیرۆریستێکی باڵایان لە باڵی سەربازیی حەماس پێکا."
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، ئەبو یونس دوو مانگ پێش ئێستا، دوای کوژرانی فەرماندەی پێشوو لە مانگی ئەیلوول، فەرماندەیی لیوای رەفەحی سەر بە کەتیبەکانی قەسامی وەرگرتبوو و تۆمەتباری کردووە بە "دەرکردنی فەرمان بۆ هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل."
کەتیبەکانی قەسام لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "[ئەبو یونس] دوێنێ ئێوارە لە ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردنی ترسنۆکانەدا کوژرا." ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەبو یونس "یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو فەرماندانەی بەشدارییان لە داڕشتن و سەرپەرشتیکردنی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمدا کردبوو."
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، ئەبو یونس لە هێرشێکدا لە ناوچەی مەواسی لە رۆژئاوای خان یونس کوژراوە. مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززەش رایگەیاند، تەرمی ئەبو یونسی تەمەن 53 ساڵیان وەرگرتووەتەوە و لە هێرشەکەدا دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا کە پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 15-11-2026 بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە دەوری تەرمەکەی کۆبووبوونەوە کە بە ئاڵای سەوزی حەماس داپۆشرابوو و چەکێکیشی لەسەر دانرابوو.
ئیسرائیل و حەماس یەکدی بە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە تۆمەتبار دەکەن کە لە تشرینی یەکەمی 2025ـدا دوای دوو ساڵ جەنگ چووە واری جێبەجێکردنەوە. هەرچەندە ئەو ئاگربەستەی ئەمریکا پشتیوانیی دەکات تاڕادەیەکی زۆر شەڕەکەی هێور کردووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل لە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر کەرتەکە نەوەستاوە.
بەگوێرەی ئاماری تیمەکانی فریاگوزاریی فەلەستین، رۆژی پێنجشەممە شەش کەس لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس کوژران و حەوت کەسی دیکەش لە ناوچە جیاوازەکانی دیکەی کەرتەکە گیانیان لەدەستدا؛ بەمەش کوژرانی ئەو 13 کەسە بووە خوێناویترین رۆژ لە غەززە لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 27ـی تشرینی یەکەمی ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەکە بەرپرسێکی باڵای حەماس و چەند ئەندامێکی دیکەی باڵی چەکداریی بزووتنەوەکەی کردووەتە ئامانج و تۆمەتباری کردن بەوەی نەخۆشخانەکەیان وەک ناوەندێکی فەرماندەیی بەکارهێناوە، بەڵام حەماس ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشتی بە داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە بەستووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە زیاتر لە هەزار و 600 فەلەستینی لە غەززە کوژراون. لە هەمان ماوەدا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی حەوت سەرباز و بەڵێندەرێکی سڤیلی راگەیاندووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل سەرقاڵی دانوستاندنە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەت، بەڵام بنیامین نەتەنیاهووی رکابەری و سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر هێشتا بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکە.


