رووداو دیجیتال
فاتیح بیرۆڵ لە گوتارێکدا کە رۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەی "جیهان لە 2027ـدا"ی گۆڤاری ئیکۆنۆمیستدا بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی: "هیچ رێڕۆیەکی باوەڕپێکراو نابینم بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخەی لە شوباتی 2026ـدا هەبوو."
بیرۆڵ ئاماژەی بەوە کرد، جووڵەی کەشتیوانی بە تەنگەی هورمزدا جارێک پەکخراوە و کاریگەرییەکی زۆر تێکدەری لەسەر بازاڕەکانی نەوت و گاز هەبووە، گوتیشی: "ئەمە دەکرێت دووبارە ببێتەوە. متمانە بە تەنگەکە وەک رێڕۆیەکی سەلامەت و جێی متمانە بۆ وزە و کاڵاکانی دیکە تێکشکاوە."
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لە 28ـی شوبات، تەنگەی هورمز شادەمارێکی سەرەکی بوو بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز. بەگوێرەی راپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هەناردەی نەوتی خاوی کەنداو لە مانگەکانی رابردوودا بووژاوەتەوە و لە تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە زیاتر لە 80%ـی ئاستی پێش جەنگ، بەڵام هێرشە نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا بێدەنگیی شەڕی راستەوخۆیان شکاندەوە.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەڵێت: "پێموایە تێڕوانینەکان بۆ مەترسییەکانی دەوروبەری تەنگەکە بۆ هەمیشە گۆڕاون"، هاوکات ئاماژەی بە رێڕۆیە نوێیەکان کردووە وەک بۆرییە نەوتییەکانی سعودیە و ئیمارات کە تەنگەکە تێدەپەڕێنن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تێکساس بە 85 دۆلار و نەوتی برێنت بە 92.74 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
ئێستا نادڵنیایی بووەتە یاسا نەک جیاوازکاری
فاتیح بیرۆڵ روونیکردووەتەوە، زۆرێک لە وڵاتانی ئەندامی ئاژانسەکەی پشتیان بە کۆگای نەوتی فریاگوزاری بەستووە بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە ئابوورییەکان و ئێستا وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا وەک فلیپین و تایلەند کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، هەوڵدەدەن یەدەگی هاوشێوە دروست بکەن.
بیرۆڵ پێشبینی دەکات ئەم قەیرانە هەنگاوەکانی وڵاتان بەرەو سەرچاوە ناوخۆییەکانی وزە وەک وزەی خۆر و با خێراتر بکات و گرنگیدان بە وزەی ئەتۆمی نوێ بکاتەوە، هەرچەندە ئەوەش پێویستی بە تۆڕی کارەبای بەهێزتر و باتریی هەڵگرتنی وزە دەبێت؛ لە کۆتاییشدا گوتی: "ئێستا نادڵنیایی بووەتە یاسا نەک جیاوازکاری، بۆیە بڕیاردەرانی بواری وزە دەبێت وریا بن لە دروستکردنی پشتبەستنی نوێ، تەنانەت لە کاتێکدا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە کۆنەکان دەدەن."
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دیکەی دراوسێی وەڵامیدانەوە. رۆژی 2ی ئاداریش، تاران وەکو کاردانەوەیەک بۆ هێرشکردنە سەریان تەنگەی هورمزی داخست.

