رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی سعودیە رایگەیاند، یەکێک لە تاوەرەکانی ناوەندی دارایی لە شاری ریازی پایتەخت لەلایەن حووسییەکانەوە هێرشی کراوەتەسەر.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، بەرگریی شارستانیی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە؛ روونیشیکردەوە کە هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی مادی لە ژمارەیەک نهۆمی تاوەرەکە و باڵەخانەکانی دەوروبەری، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەرگریی شارستانیی سعودیە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم بەئامانجگرتنە دوژمنکارییەی شوێنە مەدەنییەکان پێشێلکردنێکی زەقی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە و مەترسیی رێبازە دوژمنکارییەکانی میلیشیای حووسی دەردەخات." دەشڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرجەم رێکار و رێوشوێنە پێویستەکانیان بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان گرتووەتەبەر.
بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی سعودیە، لە مانگی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا 26 کەس لە هێرشەکانی سەر ئەو وڵاتەدا کوژراون، کە 23 کەسیان لە هێرشی سەر فڕۆکەخانەکاندا بوون.
لە بەرامبەردا، حووسییەکان بە بەردەوامی باس لە هێرشی ئاسمانیی سعودیە بۆ سەر ئەو ناوچانەی یەمەن دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان.
جەنگی یەمەن سەرەتا لە ساڵی 2014 سەریهەڵدا، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و حکومەتیان ناچارکرد بەرەو عەدەن پاشەکشە بکات؛ زیاتر لە 10 ساڵیشە هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای هەرەسهێنانی ئاگربەستە چوار ساڵییەکەی یەمەن لە هاوینی ئەم ساڵدا، زیاتر لە هەزار و 600 کەس کوژراون و زیاتر لە 300 هەزار کەسی دیکەش ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.


