رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا دەڵێ، دوو هاووڵاتیی وڵاتەکەی کە بۆ گرووپی بەرگریی ئەڵمانیی (راینمێتاڵ) کاریان دەکرد، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئێران لە کوێت کوژراون؛ هاوکات وەزارەتی بەرگریی کوێتیش رایگەیاند، بەهۆی بەرپەرچدانەوەی درۆنە ئێرانییەکان و کەوتنەخوارەوەی پارچەی تەقەمەنییەوە، لانیکەم چوار کەس، لەنێویاندا دوو هاووڵاتیە ئیتالییەکە، بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-11-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "تەقینەوەیەک بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە لە شوێنێکدا روویداوە کە دوو تەکنیککاری ئیتاڵیی سەر بە کۆمپانیای (راینمێتاڵ) کاریان تێدا دەکرد." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەردوو کارمەندە ئیتاڵییەکە گیانیان لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی کوێت لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوای بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەک درۆنی ئێرانی کە دامەزراوەیەکی هەستیاریان کردبووە ئامانج، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەوە لانیکەم چوار کەس بریندار بوون کە دووانیان هاووڵاتی ئیتاڵیا بوون.
وەزارەتی بەرگریی کوێت روونیکردووەتەوە، بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە نەخۆشخانە، هاوکات رووداوەکە "زیانی مادی"ـی لێکەوتووەتەوە، بێ ئەوەی قەبارە و وردەکاریی زیانەکان ئاشکرا بکات.
ئەم هێرشە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو کوێت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی خستە کار بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران کە یەکەم هێرشی لەو شێوەیە بوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە.
ئەم ململانێیە کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، وڵاتانی کەنداوی خستووەتە نێو ئاگری جەنگەکەوە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی وزە لەسەر خاکەکانیان کراونەتە ئامانج؛ هاوکات ئەمریکا و ئێران لەسەر تەنگەی هورمز لە رووبەڕووبوونەوەدان و سوپای ئەمریکا کار بۆ یاوەریکردنی ئەو کەشتییانە دەکات کە بەو رێڕۆ ئاوییەدا تێدەپەڕن، وەک بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی تاران بۆ داخستنی تەنگەکە.



