رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر محەممەد عۆدە، فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماس، لە کەرتی غەززە کردووە، تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی فەرماندەکەی پێشوو لە هێرشێکی هاوشێوەدا کوژرا. نەتەنیاهوو رایگەیاند، "زوو یان درەنگ، ئیسرائیل دەستی بە هەموویان دەگات."
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "بە رێنمایی سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی لە غەززە کرد کە محەممەد عۆدەی کردە ئامانج، فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس و یەکێک لە ئەندازیارانی کۆمەڵکوژیی 7ـی ئۆکتۆبەر."
محەممەد عۆدە کێیە؟
محەممەد عۆدە، دوای کوژرانی عیزەدین حەداد لە هێرشێکدا لە سەرەتای ئەم مانگەدا، وەک سەرۆکی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام دەستنیشان کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئیسرائیل، عۆدە پێشتر پۆستی سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی حەماسی هەبووە لە کاتی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەرکی عۆدە کۆکردنەوەی زانیاری بووە لەسەر بنکەکانی سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنووری غەززە و لەسەر خاڵە لاوازەکانی فیرقەی غەززەی سوپا لەپێش 7ـی ئۆکتۆبەردا.
عۆدە، کە خەمڵێنراوە لە کۆتایی چلەکان یان سەرەتای پەنجاکانی تەمەنیدا بێت، لە غەززە گەورە بووە و بە درێژایی ژیانی لەگەڵ حەماسدا بووە. لە رابردوودا، لەگەڵ یەکەی ئەمنیی گرووپەکەدا بووە کە بەدوای سیخوڕەکانی ئیسرائیلدا دەگەڕان.
ئیسرائیل چەندین جار هەوڵی کوشتنی عۆدەی داوە و لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵی باوکی لە ساڵی 2025ـدا، عەمری کوڕە گەورەکەی کوشت.
پەیامی ئیسرائیل
راگەیێندراوە هاوبەشەکە، عۆدەی بە "بەرپرسیار لە کوشتن، رفاندن و بریندارکردنی چەندین هاووڵاتیی ئیسرائیلی و سەربازی سوپای ئیسرائیل" تۆمەتبار کرد.
نەتەنیاهوو و کاتز لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزباییان لە سوپای ئیسرائیل و دەزگەی ئاسایشی گشتی (شاباک) کرد بۆ "هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ لەناوبردنی دووژمنانی ئیسرائیل" و گوتیان، "بەردەوام دەبین لە شوێنکەوتنی هەموو ئەوانەی بەشدارییان لە کۆمەڵکوژیی 7ـی ئۆکتۆبەردا کردووە. زوو یان درەنگ، ئیسرائیل دەستی بە هەموویان دەگات."
