رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەگەڵ بەردەوامیی شەپۆلی گەرما لە هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە 45 پلەی سیلیزی. ئەم پلە بەرزەی گەرما کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاونیشتمانییان و جووڵەی بازاڕ هەبوو.
لە بازاڕی هەولێر، کە بە یەکێک لە قەرەباڵخترین شوێنەکانی شار دادەنرێت، هاونیشتمانییان بە شێوازی جیاواز هەوڵی خۆپاراستن لە گەرمای بەتینی هاوین دەدەن. بەشێکیان کڵاو و چەتر یان لەچک بەکاردەهێنن بۆ خۆپاراستن لە تیشکی خۆر، هەندێکی دیکەش بە بەکارهێنانی کارتۆن و پارچە قوماش سێبەر بۆ خۆیان دروستدەکەن، یان ئاو دەخۆنەوە، بۆئەوەی تووشی وشکبوونەوە نەبن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کرێکارانی ناو بازاڕ سەرەڕای ئەو گەرما تاقەتپڕوکێنە، بەردەوام بوون لە کارەکانیان و گواستنەوەی باری قورسی دووکاندار و هاووڵاتییان. ئەو کرێکارانە، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان ناچارن لەو کەشە سەختەدا کار بکەن.
