رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر کۆڕێکی ناساندن و خوێندنەوە بۆ رۆمانی "کۆنسێرت بۆ کەڕان" لە نووسینی دەرهێنەر و نووسەری کورد، هونەر سەلیم بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 12-11-2026، بە هاوبەشیی ماڵی وەفایی و کوردستان کرۆنیکڵ، کۆڕێکی تایبەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە رۆشنبیران و خوێنەرانی رۆمان لە هەولێر سازکرا و تێیدا خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەدەبی بۆ ناوەڕۆکی رۆمانەکە کرا.
رۆمانی "کۆنسێرت بۆ کەڕان" لە بنەڕەتدا بە زمانی فەرەنسی نووسراوە و لەلایەن هونەر سەلیم خۆی و رێبین فەتاح بە هاوبەشی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی (شێوەزاری سۆرانی).
هونەر سەلیم رۆژی 9ـی ئاداری 1964 لە قەزای ئاکرێ لەدایکبووە؛ دەرهێنەری سینەما و رۆماننووسێکی دیاری کوردە. لە تەمەنی 17 ساڵیدا بەهۆی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لەگەڵ خێزانەکەی کوردستانی جێهێشتووە و رووی لە دەرەوەی وڵات کردووە. بەشێکی زۆر لە بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەو نووسەرە کوردە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازییان لێکراوە و بۆ سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون.
