رووداو دیجیتاڵ
لەبەردەم قەڵای هەولێردا خۆپێشاندانێکی جەماوەری بۆ پشتیوانیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و رەتکردنەوەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی بەغدا بەڕێوەچوو. هاونیشتمانییان لە چین و توێژە جیاجیاکان و لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە هەڵکردنی ئاڵایەکی 110 مەتریی کوردستان و گوتنەوەی سروود و گۆرانیی نیشتمانی، پەیامی یەکڕیزی و یەکگرتووییان ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، گۆڕەپانی بەردەم قەڵا ببووە مەیدانی یەکدەنگیی کوردستانییان. کچان و کوڕانی هەر چوار پارچەی کوردستان شانبەشانی یەکدی وەستابوون و بەیەکەوە هاواریاندەکرد: "یان کوردستان، یان نەمان."
لەنێو خۆپێشاندەراندا، ئامادەیی منداڵان دیمەنێکی تایبەتی بە گردبوونەوەکە بەخشیبوو. لە گۆشەیەکدا منداڵێکی رۆژئاوای کوردستان دەستی دایکی گرتبوو؛ لەلایەکی دیکەشەوە منداڵێکی دیکە نیشتمانپەروەرانە جلی کوردیی پۆشیبوو و ئاڵای کوردستانی بەسەر شانیدا دابوو، لەگەڵ منداڵێکی دیکەدا کە ئاڵای کوردستان و ئاماژەی سەرکەوتنی بەرزکردبووەوە و رەنگێکی دیکەیان بە خۆپێشاندانەکە دابوو.
پەیامی سەرەکیی خۆپێشاندەران تەنیا وەڵامدانەوەی بەغدا نەبوو، بەڵکو داواکارییەکی تووڕە و دڵسۆزانەش بوو بۆ نێوماڵی کورد و داوای یەکریزییان لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکرد.
ئەم خۆپێشاندانە جەماوەرییە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد.
