رووداو- هەولێر
جۆی دیفی ، گۆرانیبێژی بەنێوبانگی ئەمریکی دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، شەوی 29-3-2020 لە تەمەنی 61 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
جۆی دیفی، براوەی خەڵاتی گرامی و باشترین هونەرمەندی ساڵی 1990 بووە، دوێنێ شەو دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەمەنی 61 ساڵیدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. جۆی رۆژی هەینی رابردوو لە پەیجەکەی خۆیدا پەیامێکی بڵاوکردبوویەوەو نوسیبووی "من لە ژێر چاودێریەکی چڕی پزیشکدام، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوومە، من و هاوژینەکەم داوا لە خەڵكی دەکەین لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ئاگایان لە تەندروستی خۆیان بێت"، بەڵام هونەرمەند جۆی بەرگەی ئازاری ڤایرۆسی کۆرۆنای نەگرت و دوێنێ شەو گیانی لەدەستدا.
جۆی گۆرانیبێژی بەنێوبانگ ئەمریکی، ناوی تەواوی Joseph Logan Diffie، ساڵی 1958لە دایکبووە، لە ساڵی 1989 دەستی بەکاری هونەری کردووە، براوەی خەڵاتی گرامی و چەندین خەڵاتی دیکەی جیهانییە ، بۆ باشترین گۆرانیبێژی میوزیکی کاونتری بەربژێرکرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان خەڵاتی دیکەی وەرگرتبوو، چوارجار ژیانی هاوژینی پێکهێناوەو لەم چوار هاوژینەدا حەوت منداڵی هەبووە.



