كاتێك بێرت كرانتس لە شاری كوێلنەوە روو لە شاری ئیزمیری توركیا دەكات بۆ فێربوونی زمانی توركی، هەر لەوێ بڕیار دەدات بچێتە شارەكانی باكووری كوردستان، زۆر كەس پێیدەڵێن ئەو ناوچەیە مەترسیدارە، بەڵام گوێی نەدایێ و جانتاكەی هەڵگرت و بەرەو باكووری كوردستان كەوتەڕێ.
ژیانی هاووڵاتیانی ئەو پارچەیەی كوردستان زۆر سەرنجی ئەو مامۆستا ئەڵمانە رادەكێشن، بۆیە بڕیار دەدات زۆرتر لە توركیا بمێنێتەوە، مامۆستا بێرت لە شاری ئیستەنبوڵ دەستدەكات بە گوتنەوەی وانەی زمانی ئینگلیزی، زوو زووش سەردانی شاری وان و ئامەدی دەكرد.
كاتێك دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا، دەبێتە ئەندامی رێكخراوی یارمەتیدانی منداڵانی كورد (كۆمەڵەی یارمەتی منداڵانی میزۆپۆتامیا (Kinderhilfe Mesopotamien- Ki-Me) لە زانكۆی كوێلن. كرانتس زۆر دڵخۆش دەبێت بەكاركردنی لەگەڵ ئەو رێكخراوە و لە ماوەیەكی كورتیشدا دەبێتە بەڕێوەبەری رێكخراوەكە.
بێرت كرانتس تاوەكو ئێستا چەندینجار سەردانی باكووری كوردستانی كردووە و یارمەتی بەسەر منداڵە هەژارەكاندا دابەشكردووە. دوای بومەلەرزەكەی شاری وان لە ساڵی 2011، لەگەڵ هاوڕێیانی سەردانی ئەو شارە وێرانە دەكات و سووتەمەنی و كەلوپەل و خواردن بەسەرخەڵكدا دابەشدەكەن.
لە باكوور هاوكاری ناكەن
بێرت كرانتس راستەوخۆ گلەیی لە هاوكارانی ناكات لە كوردستان، بەڵام دەڵێ خەڵك لەوێ ئەوەندە بەژیانی رۆژانەوە خەریكن ناتوانن بەتەواوی بەشداری پڕۆژەكانی بكەن. بێرت كرانتس باسی پڕۆژەیەك دەكات كە (Ki-Me) بۆ منداڵانی شارەكانی وان و جۆلەمێرگ ئامادەی كردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوكارانیان لە شاری وان وەكو پێویست نەیانتوانیبوو كارەكە ئەنجام بدەن، پڕۆژەكە راگیرا. ئەم پڕۆژەیە هێشتا لە دڵیدا ماوە “دوای بوومەلەرزەكەی وان ویستمان پڕۆژەیەكی پشوودان (خێوەتگە) لە پشووی هاویندا بۆ منداڵان دروستبكەین كە منداڵی زەرەرمەندی شاری وان و جۆلەمێرگ تێیدا بەشدار دەبوون. كاتێكیش پەیوەندیم بە هاوكارانمەوە لە كوردستان كرد هەموویان گوتیان باشە”.
بەڵام بێرت دڵنیا نەبووە كە هاوكارانی كارەكانی پرۆژەكەیان تەواو كردووە یان نا، بۆیە دەستبەرداری پرۆژەكەی بوو “نەوێراین خۆمان فڕێدەینە ناو قوڕەوە. ترساین لەوەی كاتێك منداڵان بە ئۆتۆمبێل ببەینە ئەوێ، هەموو شتێك ئامادە نەبێت.”
كرانتس گلەیی لە هاوكارانی نییە، بەڵكو پێیوایە خەڵك كێشەی زۆری هەیە لەوێ و زۆر خەمی دیكەیان هەیە. هەروەها ئەو بارودۆخی سیاسیش بەهۆكار دەزانێت و دەڵێت كاتێك هاوكاری پڕۆژەكانیان دەكرد، زۆرجار هاوكارانیان دەستبەسەردەكران و ئەمە دەبووە هۆكار كە نەتوانن پڕۆژەكانیان جێبەجێ بكەن.
بەڵام نەیشاردەوە، كە هاوكارانیشی هەندێك كەموكوڕییان هەبووە “لێرە مرۆڤ ئامادەكارییەكان دەكات، بەڵام لەوانەیە مرۆڤ لەوێ نەتوانێت ئەوەندە بەوردی لەسەری بیربكاتەوە و ئامادەكارییەكان بۆ بكات. لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی خەڵك جیاوازە.”
هەوڵدەدات قوتابخانەی
دۆست پەیدابكات

بەڕێوەبەری (Ki-Me) باسی هاوكاریەك دەكات كە لەگەڵ سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ ئەنجامیانداوە. كۆمەڵەی مافی مرۆڤی جۆلەمێرگ و رێكخراوی (Ki-Me) هاوكارییەكی نموونەییان ئەنجامداوە بۆ یارمەتیدانی منداڵان. بەرت كرانز دەڵێ لەوانەیە هۆكاری ئەم هاوكارییە باشەیان ئەوەبێت كە كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە جۆلەمێرگ پێشتر هاوكاری پڕۆژی دیكەی كردبوو لەگەڵ داوودەزگاكانی یەكێتی ئەوروپا و ئیتاڵیا.
(Ki-Me) ئێستاش یارمەتی 20 قوتابی شاری ئامەد دەدات. بێرت كرانتس پڕۆژەی ئایندەی ئاشكرا دەكات كە هەوڵدەدەن لە شاری كوێلن قوتابخانەی دۆست بۆ قوتابخانەكانی شارەكانی وان و جۆلەمێرگ پەیدا بكەن. بەمشێوەیە منداڵانی كوێلن دەچنە ئەو شارانەی كوردستان و منداڵی ئەو شارە كوردییانەش دەتوانن سەردانی كوێلن بكەن. هەروەها دروستكردنی رێكخراوێكی خۆبەخش بۆ یارمەتیدانی خەڵكی شارەكانی وان و جۆلەمێرگ و ئەنجامدانی پشووی چادرگە بۆ منداڵان، لەگەڵ دوو پڕۆژەی دیكەش كە بێرت كرانتس دەیەوێت ئەنجامیان بدات.



.jpg&w=3840&q=75)