رووداو - كوێلن
رۆژی 28ی ئایاری رابردوو، شەشەمین كۆبوونەوەی دەستەی باڵای ئینتیگراسیۆن (ئاوێتەبوون لەگەڵ كۆمەڵگای ئەڵمانی) بە سەرپەرشتی حكومەتی ئەڵمانیا سازكرا. لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری وڵات ئامادەبوو، چوار كورد بەشدارییان تێدا كرد.
بابەتی سەرەكی ئەمجارەی كۆبوونەوەی باڵای ئینتیگراسیۆن بەشداریكردنی بیانیان بوو لە كاركردن. لە كۆبوونەوەكەدا 100 نوێنەری داوودەزگای بیانیان، نوێنەری حكومەت و دامودەزگای بازرگانی ئامادەبوون.
ئەو چوار كوردەی بەشدارییان لە كۆبوونەوەكەدا كرد، بریتی بوون لە محەممەد تانریڤەردی، سەرۆكی دەزگای فیدراڵی هەڤكاری بۆ پەنابەران لە ئەڵمانیا (BAGIV)، مەتین ئینجەسو، سەرۆكی ناوەند بۆ توێژینەوە كوردییەكان (NAVEND) عەلی ئەرتان تۆپراك، ئەندامی لێژنەی بەرپرسی كاروباری ئینتیگراسیۆنی حكومەتی ئەڵمانیا و سەرۆكی جڤاتا كورد لە ئەڵمانیا لەگەڵ رەمەزان سەلمان لە ناوەندی پزیشكی ئەتنیكی.
«مێركل شەرمی كرد وەڵامی كوردان بداتەوە»
پێش دەسپێكردنی كۆبوونەوەكە ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا و شاندی یاوەری دانیشتنێكیان سازكرد لەگەڵ نوێنەری 30 داوودەزگای تایبەت بە كاروباری پەنابەران. لەو دانیشتنەدا محەممەد تانریڤەردی، باسی ئەو 10 كەسەی كرد كە لەلایەن ئەندامانی رێكخراوێكی نەژادپەرستی ئەڵمانییەوە كوژرابوون و 4 لە قوربانیان كورد بوون، بەڵام وەكو تورك ناوبراون. محەممەد تانریڤەردی گوتی لەكاتی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ تاوانباراندا، پۆلیسی توركیاش هاتووەتە ئەڵمانیا و بەشداری لێكۆڵینەوەكان بووە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی كە پۆلیس بەدوای تاوانباری راستەقینەدا بگەڕێت، ویستیان كورد و چەپی تورك تۆمەتبار بكەن. تانریڤەردی دەپرسێت «ئایا ئەو پۆلیسانەی لە توركیاوە هاتبوون چییانكرد لە ماوەی ئەو چەند مانگەی لە ئەڵمانیا بوون».
تانریڤەردی، لەبارەی دیداریان لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ و ئەندامانی شاندی حكومەت بە (رووداو)ی گوت «مێركل قسەكانی لای خۆی تۆماركرد، چاوەڕێ بووم لە كۆبوونەوەی گشتی وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، بەڵام خاتوو مێركڵ لە كۆبوونەوەی گشتی باسی بابەتەكەی نەكرد. پێموایە بەهۆی كەمتەرخەمی دەوڵەت لەو رووەوە، كەمێك شەرمی كرد باسی بكات.»
بەشداربووانی كورد رازی نەبوون لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە
لەلایەكی دیكەوە مەتین ئینجەسو، سەرۆكی ناوەند بۆ توێژینەوەی كوردی (NAVEND) كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، دڵگرانی خۆی لە شێوەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكە دەربڕی و گوتی «بەگشتی رۆڵی توركەكان لە كۆبوونەوەكەدا دیاربوو. بەرنامەكە پێش كۆبوونەوەكە ئامادەكرابوو، بۆیە بەدڵی خۆیان ئامادەیان كردبوو. هەڵبەت ئێمە تاوەكو پێنجەمین كۆبوونەوەش بانگهێشت نەدەكراین و تازە بانگهێشتمان دەكەن. بەڵام بەشداریكردنمان بەمشێوەیە و بەبێ قسەكردن، هیچ مانایەك ناداتە ئەو بەشداریكردنەمان لەو كۆبوونەوەیەدا». گوتیشی «ئێمە لەوبارەوە لەگەڵ برادەرانی دیكەمان قسە دەكەین و بڕیارێك دەدەین.»
35%ی بێكارانی ئەڵمانیا بیانین
بەپێی زانیارییەكانی فەرمانگەی كاری ئەڵمانیا، زۆر بەربەست لەبەردەم بیانیاندا هەن بۆ پەیداكردنی كار. نزیكەی 16 ملیۆن بیانی لە ئەڵمانیا دەژین. ژمارەی بێكاری لەناویاندا بە بەراورد لەگەڵ خەڵكی ئەڵمان زۆر بەرزە. فەرمانگەی كاری ئەڵمانیا ناوی هەموو بێكاران تۆماردەكات و بەپێی ئامارەكانی ئەوان 35%ی بێكارانی ئەڵمانیا بیانین.



.jpg&w=3840&q=75)