سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل رایدەگەیەنێ، ئەگەر پێویست بكات ئیسرائیل ئامادەیە بە تەنیا هێرش بکاتە سەر ئێران، داواشی کرد کە سزاکانی سەر تەهران هاوکاتی هەڕەشە سەربازییەکان بەردەوام بن.
لە میانی گوتارێکیدا كە لە کۆمەلەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشكەشی كرد، بنیامین نەتەنیاهۆ گوتی"ئیسرائیل رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی..، ئێران هەوڵی پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەدات نەک بنیاتنانی بەرنامەیەکی ناوەکی بۆ ئاشتی".
سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل راشیگەیاند، تاکە رێگای بەرهەم نەهێنانی بەرنامەی ناوەکی لە لایەن ئێرانەوە، سزا دژوارەکانی سەر ئەو ولاتە و هەڕەشە سەربازییەکانن.
لەبارەی بەهێزبوونی دەوڵەتی ئێران و بەردەوامبوونی فشارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بۆسەر ئەو وڵاتە، نەتەنیاهۆ پێیوابوو کە دەبێ کۆمەلگەی نێودەولەتی بەردەوام بێ لە فشارەکانی بۆ سەر تەهران و هۆشداری دا کە "ئێران بەقەد ٥٠ جار زیاتر لە کۆریای باکووربە هێز دەبێت لە کاتێکدا ئەگەر ببێتە خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمی".
ئاشکراشی کر کە تاکە رێکكەوتن لەگەل حەسەن رووحانی، سەرۆک كۆماری ئێران ئەوەیە کە ئەو ولاتە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەناو ببات.
نەتەنیاهۆ، لە گوتارەكەیدا قسەیەکەی خۆی بە بیرهێنایەوە کە پێشتر گوتبووی"ئەحمەدی نەژاد گورگە لە پێستی گورگ، بەلام رووحانی گورگە لە پێستی مەڕ دا".




