سوودەكانی و ئاستەنگەكان
لەسەر ئەم بنەما یاساییە دەبێت خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دوای سوێندخواردنی ئەندامەكانی و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، یەكەمین كاری بریتی بێت لە دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكومەت.
بەپێی ئەو عورف و پێشینە پەرلەمانییەی كە هەمانە، لە سەرینی هاوپەیمانییەكی سیاسییەوە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێردرێت بۆ ناوزەدكردنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و دوای دەستنیشانكردنیان لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایاندەسپێرێ بۆ پێكهێنانی حكومەت.
لەو روانگەیەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنەكەی، ئەو لایەنەن كە بەرپرسیارێتی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی سیاسی و پەرلەمانییان بۆ دامەزراندنی حكومەت دەكەوێتە ئەستۆ و ئەم ئەركەش قورسەو ئاسان نییە.
یەكێك لە ئەگەرەكانی بەردەم پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بریتییە لە حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی یان وەك ناوزەد كراوە بە حكومەتی بنكەفراوان.
سیناریۆی حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی، بە بەشداری زۆربەی هەرەزۆری ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانەی كورسییان دەبێت لەپەرلەمان و لەسەروویانەوە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەگەر هەمووشیان نەبن، سیناریۆیەكە كە پێدەچێت شانسی ئەوەی هەبێت وەكو یەكەم سیناریۆ تاقیبكرێتەوە.
ئەگەر بەوردی دیقەت لە سروشتی حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی بدەین، بۆمان دەردەكەوێت كە لایەنی ئەرێنی و پۆزەتیڤ و لایەنی نەرێنی و نێگەتیڤی هەن و لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین:
یەكەم: لایەنە باش و پۆزەتیڤەكانی حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی:
1ـ بەشداری زۆربەی ئەو حیزبە سیاسییە گەورانەی كە خاوەنی فراكسیۆنی پەرلەمانین، دەبێتە مایەی ئەوەی كە زەمینەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی باش بۆ حوكمڕانی بڕەخسێ و مەترسی ناسەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی كوردستان كەم ببێتەوە، بەدەربڕینێكی دیكە ژینگەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووریی ئارام بۆ حوكمڕانی دێتە ئارا.
2ـ حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی دەبێتە هۆكار بۆ هاتنەئارای كاركردنێكی پەرلەمانی ئارام و دووركەوتنەوە لەپەشێوی و توندوتیژیی پەرلەمانی.
هەروەها دەرفەتی پێكەوەسازانی سیاسی و قانونی لەناو پەرلەماندا باشتر دەڕەخسێت، بۆیە ئەو پڕۆژە یاساو بڕیارانەی لەلایەن حكومەتی هاوبەشەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێن، هەلی پەسەندكردنیان زۆرتر دەبێت و پرۆسەی گفتوگۆو پەسەندكردنی پڕۆژەیاساكان ناكەوێتە ناو بەرداشی ململانێیەكی نێگەتیڤی فراكسیۆنەكان، بەڵكو فۆرمۆلەبوونی راو هەڵوێستی هاوبەش لەسەریان ساناتر دەبێت.
لەمەش زیاتر بوونی حكومەتێكی بنكەفراوان كاریگەری باش و بەرچاوی دەبێت لەهێنانەئارای پەیوەندییەكی خۆش و هەماهەنگ و هاریكاریخواز لەنێوان پەرلەمان و حكومەتدا.
3ـ حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی جۆرێك لەیەكگرتوویی سیاسی لەهەڵوێست و گوتارو رەفتار دەربارەی پرس و رووداو و پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دێنێتەئارا كە بێگومان قۆناغی ئێستای سیاسی هەرێمی كوردستان چ بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی و چ بۆ بەهێزبوونی پێویستی زۆری پێیەتی.
4ـ حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی دەبێتە هۆی كۆكردنەوەی تواناو سەرمایەی مەعنەوی و حوكمڕانی و میدیایی و سیاسی حیزب و لایەنە سیاسییە بەشداربووەكان و وەگەڕخستنیان بەئاراستەی پشتیوانیكردن لە حكومەت یان هەرنەبێت دژایەتی نەكردنی، بەمەش حكومەت سەرچاوەی بەهێزی پشتیوانی سیاسی و میدیایی و مەعنەوی بۆ مەیسەر دەبێت.
دووەم: لایەنە خراپ و نێگەتیڤەكانی حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی
1ـ حكومەتی هاوبەشی نیشتیمانی و بنكەفراوان حكومەتێك دەبێت كە زیاتر خاوەن سروشتێكی سیاسی دەبێت نەك تەكنۆكراتی و پراكتیكی و كارا لە بڕیاردان و راپەڕاندنی كار و چالاكی، چونكە زۆریی لایەنە بەشداربووەكان زۆری و جیاوازیی هەڵوێست و بیروڕاو بۆچوون دەباتە ناو كابینەی حكومەت، ئەمەش وادەكات پرۆسەی بڕیاردان و وەگەڕخستنی توانا دامەزراوەیی و مرۆیی و داراییەكانی حكومەت زەحمەت بێت.
بە دەربڕینێكی دیكە، كابینەی حكومەت گیرۆدەی جۆرێك لە نەخۆشی و دەردی قەڵەویی سیاسی دەبێت و شلی و خاوی لە بڕیاردان و كاركردنی پێوە دیاردەبێت.
2ـ حكومەتی هاوبەش و بنكەفراوان تاڕادەیەك دەبێتە مایەی لاوازبوونی پێگەو جێگەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی، چونكە ئەم جۆرە حكومەتە دەرەنجامی هاوپەیمانێتی و بەرنامەی هاوبەش و نەخشەی كاری هاوبەش و هەڵوێستی سیاسی و یاسایی هاوبەش دەبێت جا لەناو حكومەتدا بێت یان پەرلەمان، واتا زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی ناو ژیانی سیاسی وڵات لەناو بەرەی دەسەڵاتدا كۆدەبنەوە، بەمەش ئەگەر كۆی جیاوازییەكانیش نەسڕێنەوە، ئەوا پانتایی و پەراوێزەكانیان تەسك دەكاتەوە، سەرەنجام دەنگی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لە بڵندگۆی پەرلەمانەوە كزتر دەبێت.
3ـ بە بەراورد لەگەڵا حكومەتی زۆرینە، حكومەتی بنكەفراوان و هاوبەشی نیشتیمانی زیاتر رووبەڕووی مەترسی (ناسەقامگیریی كابینە) دەبێتەوە، واتا كابینەیەك دەبێت گونجاوی و پتەویی ناوخۆیی كەمتر دەبێت و هەمیشە ترسی هەڵوەشانەوە یان دەست لەكاركێشانەوەی تاكی و دەستەیی وەزیرەكانی وەك شمشێرەكەی دیمۆكلیس بەسەر سەرییەوە دەبێت، بەمەش ئەركی سەركردایەتیكردنی كابینەی حكومەتی هاوبەش دژوار و ئاستەنگاوی دەبێت.



