لە ئاهەنگی ئەمساڵی دەرچوونی فێرخوازانی زانكۆی ئەمریكیدا لە سلێمانی، نووسەری ئەمریكی تۆماس فریدمان بە فێرخوازانی گوت كەوا لەبری ئەوەی بە دوای هەلی كاردا بگەڕێن، باشترە خۆیان پیشە و كارێك دابهێنن. هەفتەیەك دوای ئاهەنگەكە، سایتی (رووداو)یش راپۆرتێكی لەسەر ئەم قسەیەی فریدمان بڵاوكردەوە. راپۆرتەكە بە هەمان شێوەی فریدمان نموونەی هێناوەتەوە كەوا چۆن وا وردە وردە پیشە و كار پێویستیان بە مرۆڤ نامێنێ. لە هەردوو بارەكەشدا ئەوە بە گوێی فێرخوازان و لاوانی كوردستاندا درا كە لەسەریانە خۆیان بۆ دنیا و بازاڕی نوێ ئامادە بكەن.
كاركردن و دامەزراندن و پەیوەستبوون بە پیشەوە بابەتی سەرەكیی قسەوباس و خەم و خولیای فێرخوازان و خانەوادە و كۆمەڵگەن. لە بەرەبەری تەواوبوونی خوێندنی زانكۆش ئەم بابەتانە بە شێوەیەكی سەرەكی چڕدەبنەوە، چونكە ئیدی دەبنە هەنگاوی سەرەكیی پاش خوێندنی زانكۆ. پیشە و كاركردن و دامەزراندن و بەشداریكردن لە كایە ئابوورییەكاندا بەشێكی سەرەكیی مەبەستی پەروەردە و فێركردن پێكدەهێنن و پێكهاتەی گشتیی فەلسەفە و سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە جیهان و لە كوردستانیشدا لە زۆر رووەوە لەسەر بنەمای پێكهێنان و بنیاتنان و فراوانكردنی دەرفەتە ئابوورییەكان دامەزراون.
تێكەڵكردن و بەستنەوەی پەروەردە بە بازاڕی كارەوە زۆرجار وەك واقیعێكی بێ كێشە و پرسیارلێنەكراو مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. ئەوەی لەم تێكەڵكردنەدا ناچێتە گفتوگۆ و روونكردنەوەوە، ئەو پڕۆسە سیاسی و ئایدیۆلۆجیانەن كە نەخشی كایە ئابوورییەكان دیاری دەكەن. وتەكانی فریدمان بە شێوەیەكی روون ئەو بۆچوونە سیاسییە دەردەبڕێت كە دەسەڵاتدارانی كوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر لەخۆیان گرتووە و، پێشكەشكردنی فەلسەفەیەكی پەروەردەیی كۆن و ناتەواوە لە بەرگێكی نوێدا. لەم باسەشدا پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن دەكرێتە ئەو پەردەیەی كە رووی ڕاستەقینەی مامەڵە ئابوورییەكان و پێكهاتەی بازاڕی كاری پێ دەشاردرێتەوە.
بەناوی كایەی زانستی و ئەكادیمییەوە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن روویەكی ناسیاسی و نائایدیۆلۆجی دەداتە كایە ئابوورییەكان، بەمەش كۆمەڵگە تەنها لە رووكەشدا بەشداری كایە ئابوورییەكان دەبێت، كەچی لەڕاستیدا كەمینەیەكی سیاسیی سەرمایەدار دەسەڵاتیان بەسەر كۆی كایە ئابوورییەكاندا دەسەپێنن. تۆماس فریدمان بە دوو خاڵ گوزارشت لە گرێدانی بەهاكانی بازاڕ بە پڕۆسەی پەروەردەوە دەكات. یەكەمیان ئەوەی كە فێرخوازان و لاوان دەبێت بەرپرسیارێتی پێكهێنان و دۆزینەوەی كار و پیشە لە ئەستۆ بگرن. دووەمیان پێوانەكردنی بەهای خوێندنی چەندساڵەی زانكۆ بە وابەستەبوون بە بازاڕی كار و پیشەوە.
بەرپرسیاركردنی لاوان لە دۆزینەوەی كاردا وێنەیەكی ناتەواوی دنیا و ژیان لە هەرێمی كوردستاندا دەنەخشێنێ، وەك بڵێی بێ هیچ رێگری و ململانێی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆجی و سیاسی دنیا رووتەختێكی سپی بێت و ئامادە بێت تا لاوان نیگاری داهاتووی خۆیانی لەسەر بكێشن. ئەگەر باسی بەرەنگاربوونەوە و رەخنەكاریی ئەو سیاسەت و تێڕوانینە بۆ جیهان نەكرێت كە بڕیار لەسەر بەهای مەعریفە و توانای فێرخوازەكان دەدات، مانای وایە داوای ئەوە دەكرێت فێرخوازان جیهانی ئەمڕۆ وەك شتێكی تەواو و باش قەبووڵ بكەن یان وەك واقیعێك ملكەچی ببن. ئەوەی فریدمان لە فێرخوازانی داوا دەكات ئەوەیە بە سانایی لە پەراوێزی واقیعدا پیشەی نوێ بۆخۆیان پێكبهێنن. لەم پڕۆسەیەشدا، (رووداو) وەك دەزگایەكی میدیایی فراوانخواز، لە كۆی قسەكانی فریدمان ئەو بەشەی دابڕیوە و كردوویەتی بە راپۆرت بۆ تەواوكردنی ئەو نەخشەی كە كەسە سیاسییەكان دەیكێشن.
ئەوەی زۆر بەم گوتارە دڵخۆشە لە كوردستاندا دەسەڵاتی سیاسیی ئابوورییە، چونكە باسكردنی پێكهێنانی كار و پیشە و داوانەكردنی هەلی كار زۆر ئاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەهانەیەكە بۆ هەڵاتن لەو بەرپرسیارێتییەی لە دابینكردنی دەرفەتی كار و كردنەوەی دەرگا ئابوورییەكان بە ڕووی گەنجاندا لەئەستۆیانە. هەڵنانی فێرخوازان تا پیشە و كاری خۆیان بنیات بنێن، بێ ئەوەی دەسەڵاتداران لە پڕۆسەی پشتگیری و رێگەپێدان و كردنەوەی دەرگا داخراوەكاندا بەرپرسیار بن، فێرخوازان دەخاتە نێو گێژاوێكی نەبڕاوەوە. لە روویەكەوە رێگریی سیاسەت و گەمەكانی دەسەڵات لە كایە ئابوورییەكاندا لاوان تووشی قەیرانی دووڵی و ماندووبوونێكی بێ هوودە و راكردن بە دوای سەرابدا دەكەن، لە روویەكی دیكەوە نادڵنیایی و بێئاكامیی ساڵانی خوێندن و بێنرخبوونی بڕوانامە و بوونی مەعریفە و تواناكان بۆ لاوان دەسەلمێت و دەگەنە ئەو بڕوایەی كە خوێندن و زانین لە نەخشاندنی كایەكانی ژیاندا هیچ بەهایەكیان نییە. پێكهێنانی بواری كار و پیشەی نوێ تەنها لە كاتێكدا مانای ئیجابی دەداتە لاوان كە هەوڵێك بێت بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و هێز و بەرفراوانكردنی مەوداكانی بەشداریكردن لە پێكهێنانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا، نەك وازهێنان لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتداران و پاوانخوازانی بازاڕ و بوارە جیاجیاكانی كاركردن.
فریدمان بەهای كۆی خوێندن و كۆشش و خەرجی فێرخوازان و خانەوادەی فێرخوازان لە كاركردن لە پیشەیەكدا كە هێشتا لە ئارادا نەبێت، بچووك دەكاتەوە. ئەم گوتارە، كە بەهای خوێندن لە بازنەی بازاڕدا بچووك دەكاتەوە، كێشمەكێشە سیاسییەكانی پێكهاتن و برەوپێدانی هەر پیشە و كارێك، نەك تەنها لە جیهاندا بەڵكو لە هەرێمی كوردستانیشدا، دەشارێتەوە. ئەم گوتارە وا دەكات فێرخوازان لە ئەگەری بێئیشیدا یان لە گیرسانەوەیان لە كارێكی نەخوازراودا تەنها گلەیی لە خۆیان و لە خوێندنیان بكەن، نەك لە دەسەڵات و ناوەندەكانی كار و لە سیاسەتەكانی برەوپێدانی كار و پیشە و كایە ئابوورییەكان. كێشەی چوارچێوەداركردنی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بە كایە ئابوورییەكان نەك تەنها مەبەستەكانی پەروەردە لە یەك مەبەستدا بچووك دەكاتەوە بەڵكو توانای دەستێوەردان و بڕیاردان لە ئامانجەكانی پەروەردەدا دەداتە دەسەڵاتە سیاسی و ئایدیۆلۆجییە ئابوورییەكان، بەمەش هێزی ئەو دەسەڵاتانە فرەمەودا دەكات. لە كۆی ئەمەشدا پڕۆسەی پەروەردە، وەك كایەیەكی ئەخلاقی بۆ بەهێزكردنی پێگە مرۆییەكانی وەك ئازادی و عەدالەت و هەماهەنگی، هیچ بەهایەكی نامێنێت تەنها بەو پێوانەیە نەبێت كە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بڕیاری لەسەر دەدات.
كایە ئابوورییەكان و مامەڵەی بازاڕكاری ناكرێت لەسەر بنەمای ململانێی وەرزشی و كایەی هاوشێوە بیریان لێ بكرێتەوە، چونكە تەنها پلاندانان و بەگەڕخستنی توانا مرۆیی و ماددییەكان ناتوانن سەركەوتنی بازاڕ مسۆگەر بكەن. مامەڵەی بازاڕكاری، بەتایبەتی لە دنیای ئێستادا، مامەڵەكردنێكی سیاسییە، واتە ئەوە سیاسەت و بەكارهێنانی دەسەڵاتە كە بڕیار لەسەر نرخی بابەتە پێشكەشكراوەكان دەدات. لەم بڕیاردانەشدا توانا و پلاندانان و زیرەكی هێندەی هێز و دەسەڵات كاریگەرییان نییە، چونكە هێزی بڕیاردان لە مامەڵە ئابوورییەكاندا بە شێوەیەكی سەرەكی لە دەسەڵاتەوەیە نەك لە بەهای خودی بابەتە ئابوورییەكانەوە. گرێدانی كایە ئابوورییەكان بە پەروەردەوە لە روویەكەوە سنوورداركردنی پڕۆسەی پەروەردەكردنە و سڕینەوەی مەبەستە مرۆییە ئەخلاقییەكانە بە سوودی فراوانكردنی سەرمایەی كەمینەیەك. لە روویەكی دیكەوە شاردنەوەی رووە سیاسییەكەی بازاڕە بۆ دروستكردنی هێزێكی كارگوزاری دەستەمۆ. ئەمەش دەرفەت دەداتە سیاسی و دەسەڵاتدار و هێزە ئابوورییەكان كە ئەركەكانی خۆیان بەرامبەر كۆمەڵگە پشتگوێ بخەن و لە هەر حاڵەتێكدا گلەیی لە بێتوانایی و ناكاریگەریی پڕۆسەی پەروەردە بكەن. دەسەڵاتدارانی ئابووری و بازاڕی كار لەبری ئەوەی خۆیان كارمەند و پیشەگەر بۆخۆیان ئامادە بكەن، ئەركەكە دەخەنە سەرشانی ناوەندەكانی خوێندن. بەمەش دەیانەوێت بە هیچ یان بە كەمترین تێچوو باشترین كارمەندیان دەستبكەوێت. مەبەستە پەروەردەییەكانیش وردە وردە لەناو دەچن و مەبەستەكانی بازاڕكاری و ململانێی تاكەكان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی كار ئەو دەسەڵاتە قۆرخكارە لە چنگی كەمینەیەكدا دەهێڵنەوە. بۆیە دەبینین لە ئێستادا سیاسەت و بازاڕ بڕیار لە چییەتی و چۆنیەتی پڕۆسەی پەروەردە دەدەن بێ ئەوەی پەروەردەكاران بتوانن نە تانوپۆی كایە پەروەردەییەكان دیاری بكەن و نە لە كایە سیاسی و ئابوورییەكاندا رۆڵێكی ئەوتۆیان هەبێت.
ئەم گوتارە سیاسی و ئابوورییەی لە گەردنی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنەوە پێچراوە، وێنەیەكی ناڕاست و سەرلێشێوێنەر بۆ كێشەی هەژاری لە وڵاتدا دەكێشێت. كێشەی هەژاری كێشەی نەزانی و نەبوونی توانای كاركردن و پسپۆڕی نییە هێندەی كێشەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و چەوساندنەوە و گەمەی هێز و دەسەڵاتە لە كایە ئابوورییەكاندا. كە سەركەوتنی پڕۆسەی پەروەردە بە دەستگیربوون لە كارێك لێكدەدرێتەوە، لە كاتێكدا دەرفەتی كاركردن پەیوەندیی بە گەمە ئابوورییەكان و قۆرخكاری و ئایدیۆلۆجیی سەرمایەدارییەوە هەبێت، ئیدی كاری پەروەردە دەبێتە گەیشتن بە ئامانجێك كە هیچ پەیوەندی بە هەوڵ و توانا پەروەردەییەكانەوە نییە. بۆ نموونە باسی پشتبەستن بە تەكنۆلۆجی و ئامێرەكان و سنوورداركردنی توانا مرۆییەكان لە كاركردندا رێك پێچەوانەی مەبەستی پەروەردەیە كە گەشەپێدان و فراوانكردنی سنوورەكانی توانا مرۆییەكانە.
بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین كە جەختكردنەوەی تۆماس فریدمان و راپۆرتەكەی سایتی (رووداو) لە توانای رۆبۆت و بەرنامە كۆمپیوتەرییەكان و جێگرتنەوەی مرۆڤ، واتە باسكردنی پێویستنەبوونی توانای مرۆڤ لە كاركردن لە كوردستاندا بە سوودی كێ دەشكێتەوە و كێ دڵی پێ خۆشە؟ ئەم قسانە كە لە كوردستاندا دەكرێن، كێن ئەوانەی گوێقوڵاخی ئەم پێشنیازەن و بە روخساری داهاتووی كوردستانی دادەنێن؟ لە كوردستاندا كێن ئەوانەی گیرۆدەی زۆریی لاوانن و پەستانی شەقامیان لەسەرە؟ چ گاڵتەجاڕییەكە بەو فێرخوازانەی زانكۆی ئەمریكی و لاوانی كوردستان دەكرێت كە لەلایەك پێیان بڵێیت نرخی هەوڵ و كۆششی چەندساڵەی خۆتان و خانەوادەتان بە دۆزینەوەی كارەوە بەستراوەتەوە، كەچی باس لە دنیایەك بكەیت كە تیایدا مرۆڤ وردە وردە بەهایەكی ئەوتۆی لە كایە ئابوورییەكاندا نامێنێ؟ ئەمەش بەتایبەتی كە باسی ئەوە نەكرێت ئەم كۆمەڵە مرۆڤە چی بكەن تا بەرەنگاری ئەو هێز و دەسەڵات و رەوتە پاوانخواز و سەرمایەخوازانە ببنەوە كە رۆبۆت و بەرنامەی كۆمپیوتەریان پێ لە مرۆڤ گرنگترە.
هەر پڕۆسەیەكی پەروەردەیی گەر برەودان بە بیر و هۆشیاریی رەخنەگرانە لای فێرخوازان نەكاتە مەبەستێكی سەرەكی و گەر فێرخوازان لە نهێنییەكانی پەیوەندیی هێز و دەسەڵات بە كایە مەعریفی و سیاسی و ئابوورییەكانەوە هۆشیار نەكاتەوە، ئەوا ئاسایی دەبێتە پڕۆسەیەكی چەوسێنەر و خەڵەتێنەری فێرخوازان و، بۆ تەسلیمبوون بە تارمایییەكانی واقیع ئامادەیان دەكات. بۆیە پڕۆسەی پەروەردە دەبێت پڕۆسەیەكی رەخنەگرانە بێت تا ئەو كایە ژێربەژێر و نادیارانە ئاشكرا بكات و بگۆڕێت كە تەنها گرنگی بە خولیا و توانا و دنیای دەوڵەمەند و نوخبەی سیاسی و ئابووری دەدەن و لە دژی هەوڵەكانی هەژاران و بێدەسەڵاتان دەوەستنەوە. ئەوەی لە كوردستاندا گرنگە وەك دەرەنجامی فێربوون و مەبەستی پەروەردە برەوی پێبدرێ، پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی دیمۆكراتیكی رەخنەگرە لەسەر بنەمای بنیاتنانی كۆمەڵگە و گەیشتن بە عەدالەتی كۆمەڵایەتی نەك دابڕینی كۆمەڵگەكان لە یەكدی و فراوانكردنی خەرەندەكانی نێوان دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات و دەوڵەمەند و هەژاران. كاری زانكۆ و ناوەندەكانی دیكەی خوێندنیش لە پڕۆسەیەكی پەروەردەیی رەخنەگرانەدا پێگەیاندنی پیشەوەران و كارمەند و كارگوزاری دەستەمۆكراو بە یاساكانی بازاڕ و جووڵانەوە بەپێی رێنماییەكان نییە، بەڵكو پێگەیاندنی مرۆڤ و كۆمەڵگەی ئیجابی و هۆشیار و رەخنەگرە كە پێكهێنەر و بڕیاردەر و بەشداری كایە جۆربەجۆرەكانی ژیانن.



