رووداو - سلێمانی
جۆرێك لە مەمەی منداڵ كە پێوەری گرتنەوەی شیر بە هەڵە لەسەری نووسراوە، زیان بە مێشك و ئاستی زیرەكیی منداڵان دەگەیەنێت، پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵانیش رایدەگەیەنێ "لە هەر 200 مەمەی شیر، نزیكەی 150یان ئەو پێوەرەی لەسەریانە هەڵەیە".
كۆچەر عومەر، خوێندكاری دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی منداڵان، دەڵێت بەكارهێنانی ئەو جۆرە مەمەیە كۆمەڵێك كاریگەری لەسەر منداڵ جێدەهێڵێت، ئەو جۆرە مەمەیە مەترسیدارە و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی 10 سیسی ئاو لە لەشی منداڵ، چونكە منداڵەكە شیرێكی خەستتر لە پێویست دەخوات.
باشترین خۆراك بۆ منداڵ شیری دایكە، هەرچی شیری قوتووە، ئەگەر بەشێوەیەكی دروست ئامادە نەكرێت، زیان بە تەندروستیی منداڵ دەگەیەنێت. گرتنەوەی شیری قوتووش لەگەڵ ئاو زۆر هەستیارە و گرانیشە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی خراپ یان ناتەواو شیرەكە بگیرێتەوە، ئەوا بە تێپەڕبوونی كات، كاریگەری مەترسیدار لەسەر مێشكی منداڵ جێدەهێڵێت، چونكە رێژەی خوێ و كانزاكان تێیدا دەگۆڕێت و بەوەش منداڵەكە جۆرێك ماددە زیاتر وەردەگرێت و مێشكی دەپووكێنێتەوە.
كۆچەر عومەر دەربارەی زیانەكانی شیری خەست گوتی "دەبێتە هۆی سكچوون، رێژەی سۆدیۆم بەرزدەكاتەوە لە لەشی منداڵەكەدا و ناتەواوی گەشەی مێشك بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
دكتۆر كۆچەر گوتیشی "ئەو منداڵەی بەردەوام بەو خەستییە شیری دەدرێتێ، لە داهاتوودا مێشكی (ناكامڵ) دەبێت، یان دەبێتە هۆی سكچوونێكی مەترسیدار كە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی سۆدیۆم، بەوەش منداڵەكە تووشی گەشكە دەبێت، لەوانەشە گیان لەدەستبدات".
دكتۆر كۆچەر كە بەدواداچوونی بۆ ئەم مەمە شیرانەی لەبازاڕدا هەن كردووە، دەڵێت "لە هەر 200 مەمەی شیر، نزیكەی 150یان ئەو پێوەرەی لەسەریانە هەڵەیە".
هێرش حەمە رەئوف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی، بە (رووداو)ی گوت "ئێستا كاتی جێبەجێكردنی هەڵمەتێكە بۆ لێپێچینەوە لەو كەسانەی بازرگانی بە مەمەی هەڵەوە دەكەن و هەروەها دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئەو مەمانە كۆبكاتەوە كە لە بازاڕدا هەن و ئەو پێوەرەی لەسەریانە هەڵەیە".
ناوبراو كە هاوكات پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵانیشە، گوتی "شیری قوتوو لە شیری مانگا دروستدەكرێت و بۆ گوێرەكە دەبێت، هەرگیز بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت جێگای شیری دایك بگرێتەوە".
سێ ساڵ لەمەوبەر (رووداو) راپۆرتێكی لە بارەی خراپیی جۆری مەمەی منداڵانەوە بڵاوكردەوە. ئەوكاتیش دكتۆر كۆچەر هۆشداری دابوو لە مەترسی ئەو جۆرە مەمەیە لەسەر مێشكی منداڵ.
دكتۆر كۆچەر دەڵێت "لە 2 ساڵی رابردوودا بە وروژاندنی بابەتێك سەبارەت بە مەترسییەكانی جۆرە خراپەكانی مەمەی شیر، كە وەزارەتی تەندروستی و خەڵكم لێ ئاگادار كردەوە، كۆمەڵێك رێوشوێن گیرایەبەر، بەڵام دواتر بەداخەوە لە جێی ئەوەی دەستخۆشیم لێ بكرێت، لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بانگ كرام بۆ لێپێچینەوە".
بە بڕوای دكتۆر كۆچەر "بەردەوام بەرزبوونەوەی رێژەی مردن لە منداڵان، بەهۆی نەبوونی كوالێتی كۆنتڕۆڵە لە كوردستان، ئەگەرنا ئەم جۆرە مەترسیدارانە لە مەمەی شیری منداڵ نایەتە ناوخۆ".
دكتۆر كۆچەر گوتیشی "ئەو مەمە شیرانە لە ئێران و چینەوە دەهێنرێن، كە خۆیان بەكاریناهێنن، بۆیە پێدەچێت مەبەستێكی سیاسی لە پشت ئەم بابەتەوە بێت".
دكتۆر هێرش حەمە رەئوف، رەخنە لە وەزارەتی بازرگانی دەگرێت و دەڵێت لە جێی پێدانی شیری قوتوو بە منداڵان، كارتیان بداتێ و لە زیانەكانی شیری قوتوو هۆشداری بە دایكان بدات، ئەگەر پێویست بێت ئەو شیرە قوتووە بەكاربهێنرێت بۆ رێژەیەكی كەم لە منداڵ، ئەوا پێویستی بە وردەكاری و تێبینی هەیە تاوەكو بە شێوەیەكی تەندروست بگیرێتەوە.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، لە 8 مانگی رابردوودا 8864 منداڵ تووشی نەخۆشیی سكچوون بوون، كە یەكێك لەو منداڵانە مردووە.
هەر بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا 250 منداڵ بە هۆكاری جیاواز مردوون بەشێوەیەك بەرزترین رێژە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بووە، كە 41 حاڵەتی مردن تۆماركراوە، كەمترین رێژەش لە مانگی حوزەیران بووە كە 23 منداڵ مردوون.


