رووداو - سلێمانی
لە گرتووخانەی چاكسازی ژنان و نەوجەوانان لە سلێمانی، ژنێك ماوەی 10 ساڵە لە ژوورەوەیە و بە تەسبیحە دەنك قەزوانەكەی رۆژانی زیندانیی خۆی دەژمێرێ. هەموو ژنەكانی دیكەی نێو زیندانەكە وردەكاری چیرۆكەكەی ئەو دەزانن.
(كەتان.ن) بەهۆی كچەكەیەوە ژیانی سەراوژێر بوو، ئێستا دەبێت لاپەڕەی 10 ساڵی دیكەش لەنێو زیندان هەڵبداتەوە بۆ ئەوەی ژوورەكانی زیندان جێبهێڵێت و بێتە دەرەوە. كەتان بە حەسرەتەوە بەردەوام ئەو رستەیە دووبارە دەكاتەوە: "خێزانێكی بەختەوەرم هەبوو، بەڵام كچەكەم لە دەستی دام".
(كەتان.ن) خەڵكی شاری هەولێرە و لە سلێمانی نیشتەجێ بووە. وەك خۆی دەیگێڕێتەوە خێزانێكی بێ كێشە بوون، بەڵام كاتێك كچە 21 ساڵەكەی بڕیاری هاوسەرگیری دەدات لەگەڵ (م) بەبێ ئەوەی ئەو كوڕە بناسن، بڕیارەكەیان قبوڵ كردووە "گوتیان كەی مۆدیلی ئەوە ماوە ئەوەندە پرسیاری ماڵی كوڕ بكرێت، بۆیە ئەو هاوسەرگیرییە لە ماوەی دوو هەفتەدا كرا".
كێشەكان دوای گواستنەوە دەستیان پێكرد
"(م) كاری لەشفرۆشی بە كچانەوە دەكرد، سەرەتا پێیگوتین من خێزانم نییە و ماڵێكی پێ ناساندین و گوتی ئەمە ماڵی ماممە و لێرە گەورە كراوم، بەڵام وانەبوو، بەڵكو ئەو شوێنە خانەیەكی لەشفرۆشی بوو".
هەرچەندە ئەو گێڕانەوەیە تازە سوودی بۆ ئەو نییە، بەڵام هێشتا بە حەسرەتەوە وردەكارییەكانی باسدەكات و دەڵێ دوای دوو مانگ لەو هاوسەرگیرییە ئینجا زانییان ئەو كوڕە كاری لەشفرۆشی بە كچانەوە دەكات "بە كچەكەمان گوت دەبێت لێی جیاببیتەوە، بەڵام كوڕەكە نەیدەویست لە كچەكەمان جیاببێتەوە".
نۆ مانگ بەوشێوەیە تێپەڕیوە، ناكۆكی نێوان ئەوان و زاواكەیان بەردەوام بووە و چەندجارێك شەڕ و تەقەكردنیش كەوتووەتە نێوانیانەوە. دواتر كچەكە لەو كوڕە جیابووەتەوە "واتێگەیشتین ئیدی كێشەكان كۆتاییان هات، بەڵام كێشەكە زۆر گەورەتر بوو. ئەو كوڕە پێشتر چەندین وێنە و گرتەی رووتی كچەكەمانی تۆماركردبوو، هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی لێدەكردین".
"پۆلیس دەیگرت و ئازادیش دەكرا"
هەرچەندە كەتان دەڵێ لای پۆلیس چەندین جار سكاڵایان تۆماركردووە و دەستگیركراوە "بەڵام زۆری نەدەبرد بە كەفالەت ئازاد دەكرا".
لە ناكاو كچەكەی كەتان ون دەبێت، دواتر بۆیان دەردەكەوێت كە بە خواستی خۆی لەگەڵ ئەو پیاوە رۆیشتووە و كاری لەشفرۆشی دەكات.
ماوەی 16 رۆژ كەتان و هاوسەرەكەی سۆراخی كچەكەیان كردووە، تاوەكو رۆژێك پێكەوە دەیانبینن "بینیمان لەگەڵ دوو پیاوی دیكە بە سەرخۆشی گەڕانەوە ماڵەوە".
كەسوكاری كەتان گوشاریان بۆ دەهێنن كە بۆ پاراستنی نێوبانگی خێزانەكەیان دەبێت كچەیان بكوژن، ئەگەرنا خۆیان دەیكوژن. كەتان دەڵێ كەس بەوە رازی نییە كچی خۆی بەدەستی خۆی بكوژێت، بۆیە بڕیار دەدەن شاری سلێمانی بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە هەولێر، بۆ ئەوەی ژیانێكی نوێ دەستپێبكەن.
بەڵام بەهۆی ئەوەی شوێنیان نەبووە بۆی بچن، بڕیار دەدەن هەر لە سلێمانی بمێننەوە و كچەكە ببەنە ماڵی خاڵی لە هەولێر. بەڵام ئەو كاتەی ویستوویانە بەڕێبكەون، بەپێی قسەی كەتان، كوڕە پوورێكی كچەكە هاتووەتە ماڵیان و گوتوویەتی ئەویش لەگەڵیان دێت بۆ هەولێر، بەڵام لەو كاتەدا دەبێتە كێشەیان و لەناكاو فیشەكێك جەستەی كچەكەی كەتان سارد دەكاتەوە.
هەرچەندە هەوڵ دەدەن تەنیا یەكێكیان خۆی تاوانبار بكات و بچێتە زیندان، بەڵام پۆلیس هەرسێكیان قۆڵبەست دەكات و دوای دادگاییكردنیشیان سزای 20 ساڵ بەندكردنیان بۆ دەبڕێتەوە.
خێزانەكە هەڵوەشایەوە
كەتان، خاوەنی دوو كوڕ و دوو كچە، كوڕێكی كە دوای گرتنی دایكی و باوكی چووەتە خانەی نەوجەوانان، تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە. كوڕەكەی دواتر لە خانەكە رایكردووە و ئێستا لەسەر شەقام دەمێنێتەوە.
هەروەها كچەكەی دیكەشی بەهۆی بە شوودانی لەلایەن ماڵە مامەكانییەوە خۆی دەسووتێنێ و گیان لەدەست دەدات.
هاوسەرەكەشی لە زیندان بە نەخۆشی گیان لە دەست دەدات. تەنیا كوڕە بچوكەكەی لە خانەی بێ سەرپەرشتان ماوەتەوە.
كەتان خۆی بە شایستەی ئەو سزایە نازانێت و پێیوایە سزادانەكەی "نایاساییە" و دەڵێت "داواكارم ئازاد بكرێم تاوەكو كوڕە بچووكەكەم بە هەتیوی نەمێنێتەوە".
ئومێدە محەممەد، بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت ئەو زیندانیانەی كە لە چاكسازی ژنانن بەڵگەی یەكلاكەرەوە بۆ سزادانیان هەیە، كاتێك تاوانبارێك دوای سزادانی دەهێنرێتە چاكسازی ژنان سزای تاوانەكەی وەردەگرێت.
ئەو دەڵێ ئەو فشارە دەروونییەی تاوانبار هۆكارە بۆ ئەوەی خۆیان بە تاوانبار نەزانن، هیچ یاسایەكیش سزا بەسەر تاوانبارێك ناسەپێنێت ئەگەر تاوانەكەی لەسەر ساخ نەبووبێتەوە.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی ژنان لە سلێمانی، ئەمساڵ 190 ژن بەتۆمەتی جۆراوجۆر زیندانی كراون. 38 ژن لەوانە بە تۆمەتی كوشتن گیراون. بەڵام بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی تاوانەكان لەنێو ژناندا كەم بوونەتەوە، چونكە لەساڵی رابردوودا 946 ژن و كچ بەتاوانی جیاواز دەستگیركرابوون، لەنێویاندا 48 ژن بەتاوانی كوشتن گیرابوون.


