ئیڤان راکیتیچی یاریزانی یانەی بارسێلۆنا پێی وایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانێکی زۆر شکۆدارە بەڵام لەهەمان کاتدا رایگەیاند، لیۆنێل مێسی یاریزانێکە خاوەن بەهرەیەکی دەگمەنە. رۆناڵدۆ و مێسی لە شۆرتلیستی فیفاـدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر، شانبەشانی مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن. رۆناڵدۆ لە وەرزی رابردوو یارمەتی لۆس بلانکۆسیدا بۆبردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ، مۆندیالی یانەکان و کۆپا دێل رێی و جامی سوپەری ئەوروپا، مانوێل نۆیەریش یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2014ـەی برازیل. راکیتیچ ئاگاداری ئاستی هەردوو یانەیە و پێشتر چەندین جار رووبەڕووی رۆناڵدۆ یاریکردووە و لەم وەرزەشدا لەگەڵ مێسی مەشقەکان ئەنجامدەدات. یاریزانی نێودەوڵەتی کرواتی پێی وایە هەرگیز یاریزانێکی وەک لیۆنێل مێسی نەبینیوە و رایگەیاند، ئەستێرەکەی بارسا شایەنی وەرگرتنی خەڵاتی باڵۆن دۆرە. مێسی سەرکردایەتی ئارجێنتینای کرد بۆ گەیشتن بەیاری فیناڵی مۆندیالی برازیل و هەروەها توانی هەردوو ریکۆردی گۆڵکاری مێژوویی ئەوروپا و لالیگا بشکێنێت.