رووداو-هەولێر
لەدوای چوار رۆژ بێسەروشوێن بوون، 11 رفێندراوەکەی ئامرلی لە قەزای خورماتوو ئازادکران و بە گوتەی سێ لە پاسەوانەکانی سەرۆککۆماری عێراق، کە لەناو رفێندراوەکاندا بوون، حەشدی شەعبی رفاندوونی و لەو ماوەیەدا زۆر ئەشکەنجە دراون.
دوای چوار رۆژ بێسەروشوێنبوون، لە 13-2-2016 دا، رفێندراوەکانی ئامرلی لە شارۆچکەی خوورماتوو ئازاکران و بە کەسوکارەکانیان شادبوونەوە.باس لەوەش دەکەن کە حەشدی شەعبی ئەوانی رفاندووە و ئەشکەنجەی داون.
بە گوتەی پاسەوانەکانی سەرۆککۆماری عێراق، تەنها لەبەرئەوەی کورد بوون، حەشدی شەعبی رۆژانە ئەشکەنجەی داون تەنانەت ویستویانە بیانکوژن.
رفێندراوەکان 11 کەس بوون، سێیان پاسەوانی سەرۆککۆماری عێراق، چواری دیکەیان پاسەوانی سنوور و چواری دیکەشیان هاونیشتیمانی بوون.
جگە لەو پاسەوانانەى ئازادكراون رۆژی 8-5-2015 لەناوچەی عوزێم چوار پاسەوانی دیكەی سەرۆككۆماری عێراق بێسەروشوێن كراون، هێشتا چارەنوسیان نادیارە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لەماوەی دوو مانگی رابردوو لە رێگای بەغدا -کەرکووک 21 هاونیشتیمانی رفێندراون.


