رووداو - هەولێر
رێکخراوی ئەربیل هەب بۆ یەکەمجار سەنتەرێکی پاڵپشتی دەروونی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لەنێو نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر دەکاتەوە. بەرپرسی رێکخراوەکەش رایدەگەیێنێت، دەیانەوێت لەڕێگەی سەنتەرەكەوە چارەسەری دەروونی ئەو کەسانە بکەن کە تووشی شێرپەنجە بوون.
رێکخراوی ئەربیل هەب سەر بە رێکخراوی مونتەدای ئابوورییە، كه لە 450 شاری وڵاتە جیاوازەکانی جیهاه هەیە و، گرنگی بە تەندروستی، ژینگە، پەروەردەی منداڵان دەدات.
بۆیەكەمجارە سەنتەرێكی پشگیری دەروونیی بۆ توشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری هەولێر بكرێتەوە، كە كار لەسەر لایەنی دەروونیی نەخۆشانی شێرپەنجە لەڕێگەی سیمنار، كتێب و نمایشی هونەریی و پسپۆڕانی دەروونییەوە، دەكات.
ئەلزا، یەكێكە لە توشبووانی شێرپەنجە و ماوەی هەشت مانگ لەژێر چارەسەری كمیایی شێرپەنجەدا ماوەتەوە، لەبارەی سەنتەرەكە دەڵێت "ئەوەی یارمەتیدام تەندروستیم باش بێت گرنگیدان بوو بەلایەنی دەروونیم".
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2015ـدا سێ هەزار و 646 حاڵەتی توشبوون بەشێرپەنجە تۆمارکراوە.


