رووداو- دهۆك
لەسەر وەرگرتنی زەوی بە ناوی كەسوكاری شەهیدانەوە لە شاری دهۆك، سێ كەس لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركراون و دواتر رەوانەی پۆلیس كراون. بەرپرسێكی حكومیش ئاشكرای كرد، تاوەكو ئێستا 23 پارچە زەوی كە بە گەندەڵی وەرگیراون، حیجز كراون. ناوی ژنێكی تەمەن 91 ساڵ لەناو ئەوانەدایە كە گوایە كوڕەكەی شەهید بووە و لەسەر ئەو بنەمایەش زەوی وەرگیراوە، بەڵام كوڕی ئەو ژنە شەهید نییە.
رۆژی 11/5/2016 كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی دهۆك لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە دەستگیركرا. نەسرەت بادی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە دهۆك دەڵێت "ئەو كارمەندە لەلای ئێمە بەڕێوەبەری بەشێك بووە كە كاری هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لەگەڵ فەرمانگەكانی حكومەت بوو".
بەرپرسێكی حكومی كە ئاگاداری دۆسیەكەیە بە (رووداو)ی گوت "تاوەكو ئێستا 23 پارچە زەوی ساخ بوونەتەوە كە بە ناوی وەهمی لەلایەن سێ كەسەوە وەرگیراون".
ئەو بەرپرسە كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە پێی باش نەبوو ناوی ئاشكرا بكرێت، دەڵێت "كچێكی دیكە كە كارمەندە، 10 پارچە زەوی وەرگرتووە، دوویان بە ناوی خۆی، سێ لەسەر ناوی دایكی، پێنجیش لەسەر ناوی داپیری. هەموو ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی كچی شەهیدە و لەگەڵ ئەو سێ كەسە دەستی هەبووە".
(رووداو) زانیویەتی ئەو سێ كەسەی دەستگیركراون یەكێكیان بەڕێوەبەری بەشێكە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان، یەكێكیان نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی هەیە و سێ پارچە زەوی وەرگرتووە، لەگەڵ هاووڵاتییەكی دیكە.
تەمەنی 91 ساڵە بە گەندەڵی زەوی وەرگرتووە
سەرچاوەكەی (رووداو) باسی هەندێك فێڵی ئەو تۆمەتبارانە دەكات و دەڵێت "ئەو تۆمەتبارانە نووسراوی فەرمییان بە ناوی كەسوكاری ئەنفالكراوەكانەوە بە مۆر و ئیمزای بەڕێوەبەری گشتی بردووە بۆ پارێزگای دهۆك. دواتریش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی، ئینجا شارەوانیی فایدە، هەمووشیان لەبەر ئەوەی ناویان لە لیستی كەسوكاری شەهیداندا هەبووە، كارئاسانییان بۆ كراوە، ئەو كەسانەش ئیستغلالی ئەوەیان كردووە، تا ئەو رادەیە پارچە زەوییەكیان لەسەر ناوی ژنێك وەرگرتووە كە تەمەنی 91 ساڵە گوایە دایكی شەهیدە، زەوییەكەی پێدراوە و لەسەریشی تاپۆ كراوە، كەچی دەركەوتووە دایكە شەهید نییە".
عومەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تۆماركردنی خانووبەرەی سێمێل كە زەوییەكان لە فەرمانگەكەی ئەو تۆمار كراون، بە (رووداو)ی راگەیاند "پێشتر لێژنەیەكی سێ لایەنی هەبوو بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوان، بەڵام وەك رێزگرتن و كارئاسانی ئەو لێژنەیە نەما، تەنیا ناوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان دراونەتە پارێزگا و ئەوانیش زەوییەكانیان دیاری كردووە".
بەڕێوەبەری تاپۆی سێمێل گوتیشی "كە لیستمان بۆ دەهات لە شارەوانی، هەموو بەڵگەی پێویستی لەگەڵ بوو، بۆیە گومانمان بۆ دروست نەدەبوو، بەڵام كە هەستمان كرد چەند كەسێك دێن بۆ چەندیجار خەریكی مامەڵەن بەنێوی كەسوكاریان، ئیدی گومانمان بۆ دروستبوو".
سەرچاوەكەی رووداو مەزەندە دەكات 60 پارچە زەوی بەو جۆرە وەرگیرابن، بەڵام تاوەكو ئێستا تەنیا 23یان ساخ بوونەتەوە.


