رووداو- دهۆک
لەسەر دواکەوتنی هەندێک پۆستی ئیداری لە سنووری پارێزگای دهۆک کە بەپێی رێککەوتن بەشی یەکگرتووە ، بەرپرسانی ئەو حیزبە گللەییان لە پارتی و حکومەت هەیە.
غازی سەعید، سەرپەرشتی لیژنەی دانووستاندنی یەکگرتوو لەگەڵ پارتی لە دهۆک بە(توڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەوان و پارتی پێشی دە مانگ یەکگرتوو رازیبووە بە بەشداریکردن لە حکومەتی ناوخۆیی دهۆک بە 25 پۆست و تاوەکو ئێستاش ناوی هەندێک لە کاندیدەکانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران نەگەڕاوەتەوە بۆ دەستبەکاربوونیان و ئەمەش گلەیی لای کادیرانی یەکگرتوو دروستکردووە".
غازی سەعید گوتیشی "لە سەر ئەو بابەتە پێش چەند رۆژێک لەگەڵ پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوە و بەڵێنیان داوە پۆستەکانی دیکەش پڕ بکرێتەوە".
عوسمان یونس، جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ کاروباری تەکنیکی لەسەر لیستی یەکگرتوو بە(رووداو)ی راگەیاند "تا ئێستا حەوت پۆست لە سەرجەمی بیست و پێنچ نەگەڕاوەتەوە، بەڵام ئەوان دەڵێن کێشەی یاساییان هەیە".
لە بارەی کێشەکانی یاسایی ئەو حەوت کاندیدە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران بە (رووداو)ی راگەیاند: "یەکگرتوو بۆ پوستی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە دهۆک کەسێکی کاندید کردووە کە باوەڕنامەی دبلومی هەیە، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەکانە کە دەبێت ئەوی دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی بڕوانامەکەی لە بەکالۆریۆس کەمتر نەبێ، هەروەها دو پۆستی راوێژکاری پارێزگار لە یاسای ئەنجوومەنی پاریزگاکان دا نییە کە ئەویش لەگەڵ ئەو پوستانەدایە، لەگەڵ ئەمەشدا چوار کاندیدی دیکەی یەکگرتوو بۆ هەندێک پوست دانەمەزراون، دامەزراندنیش لەم کاتەدا ئاسان نییە".
یەکگرتوو دووەم فراکسیۆنە داوی فراکسیۆنی پارتی و خاوەن سێ کورسییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوو یەکگرتوو لەگەڵ پارتی رێککەوتنێکی ئیمزاکرد بۆ بەشداریکردنی یەکگرتوو لە حکومەتی ناوخۆیی دهۆک بە 25 پۆست کە گرنگترینیان جێگری پارێزگار و دوو بەڕێوەبەری گشتی و چوار بەڕێوەبەری ناحیەن.


