زۆرجار كە رێمان كەوتووەتە لای پزیشكان، بیستۆكە پزیشكییەكانیان دەرهێناوە و خستوویانەتە سەر سینگ یان سكمان.
بۆ وا دەكەن؟
ئەمە بۆ ئەوەیە گوێ لە دەنگی ئەندامەكانی ناوەوەی جەستەمان بگرن. چونكە ئەندامەكانیش هەر وەك ئامێرە كارەباییەكان لە كاتی كاركردنیاندا، دەنگ دەردێنن. هەر شێوانێك لەو دەنگانە، شێوانی فرمانی ئەو ئەندامە دەگەیەنێت.
مێژووی گوێگرتن بۆ ناوەوەی لەش گەلێك كۆنە. (هیپۆكرات) كە بە باوكی پزیشكی ناسراوە، گوێی خستووەتە سەر سینگی نەخۆشان. بۆی دەركەوتووە ئەمە سوودی هەیە لە دەستنیشانكردنی كۆبوونەوەی شلە لە سینگدا. ویلیام هارڤی لە كۆباسێكیدا دەربارەی پێكهاتە و فرمانی دڵ لە ساڵی 1616دا، دەڵێت كاتێك دڵ خوێن دەردەهاوێژێ، ترپەیەكی دێ كە دەتوانرێ لە سینگدا ببیسترێ. كۆرڤیسارت، پزیشكی بەنێوبانگی فەرەنسی، بەردەوام گوێی دەخستە سەر سینگی نەخۆشەكانی بۆ بیستنی ترپەی دڵیان.
دۆخەكە وا مایەوە تاوەكو ئەوەی پزیشكێكی گەنجی فەرەنسی بەناوی (رێنێ لەینێك 1781-1826) داهێنانێكی كرد. لە مانگی ئەیلولی 1816دا كاتێك لەینێك بە حەوشەی نەخۆشخانەی كۆشكی لۆڤەردا لە پاریس تێدەپەڕی، بینی دوو منداڵ دارێكی درێژیان بە دەستەوەیە و هەر جارەی یەكێكیان سەرێكی دارەكە دەنێ بە دەمییەوە و ئەوی تریش بە گوێیەوە، لەو رێیەوە دەنگی خۆیان دەگەیاندە بەر گوێی یەكدی.
ئەمە بۆ لەینێك ئەوەی دەگەیاند كە دەنگ لەڕێی هۆكارەوە دەگوازرێتەوە و بەو هۆیەوە دەكرێ لە دوورەوە ببیسترێ. دوای ئەوە و هەر لەو ساڵەدا لەینێك ئاگادار كرایەوە لە بوونی نەخۆشێك كە نیشانە گشتییەكانی نەخۆشیی دڵی هەبوو. نەخۆشەكە كچێكی گەنج بوو. لەینێك زۆر شەرمی كرد سەر بنێتە سەر سینگی ئەو كچە بۆ پشكنین. یەكسەر بیر و خەیاڵی چووەوە سەر یاریی دوو منداڵەكە. بۆیە 24 پەڕی لە تۆمارنامەكەی سەر مێزەكە لێكردەوە و لوولی دان. سەرێكی خستە سەر سینگی نەخۆشەكە و گوێی خۆیشی خستە سەر سەرەكەی دیكە. سەرسام بوو كە بینی دەنگەكە زۆر بە روونی كەوتە بەر گوێی.
پاشان پەرەی بە بیرۆكەكەی دا و لە دار دروستی كرد. ناوەوەی دارەكەی كلۆر كردبوو. سەرێكی دارەكە بۆ گوێ و سەرەكەی دیكەش كەمێك فراوانتر بوو. درێژیی ئەو بیستۆكە نزیكەی 32 سانتیمەتر و پانییەكەشی 3.8 سانتیمەتر بوو.
لەینێك بیرۆكەی داهێنانەكەی لە ساڵی 1819دا بە چاپ گەیاند. لەو كتێبەیدا ئەوە روون دەكاتەوە كە چۆن بەو دۆزینەوەیە گەیشتووە، هەر لە لوولكردنی پەڕەوە بۆ دارە كلۆرەكە، هەروەك بنەماكانی دروستكردنی بیستۆك بە باشی روون دەكاتەوە لەگەڵ چۆنیەتی بەكارهێنانی.
ئەو زانایە لە ساڵی 1826 بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی دەردەباریكە (سیل) كۆچی دوایی كرد، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەی بەهۆی داهێنانەكەیەوە خۆی زۆر خەریك دەكرد بەو نەخۆشانەی هەڵگری ئەو نەخۆشییە بوون.
دواتر وردە وردە پەرە بەو بیستۆكە سادەیە درا تاوەكو لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەمدا كرا بە لاستیك و پاشتریش چەندین گۆڕانكاریی دیكەی بەسەردا هێنرا، تا بەوەی ئەمڕۆ گەیشت.



