رووداو - هەولێر
داعش چەند راسپاردەیەکی بۆ چەکدارانی بۆ شەڕی موسڵ دەرکردووە و رێنمایی دەدات، کە چەکدارەکانیان بە دانبەخۆداگرییەوە بەرەنگاری بکەن.
لە فەرمانەکەی داعشدا بۆ چەکدارانی هاتووە "سەرجەم برا موجاهیدەکان ئاگاداربکەنەوە هەرگیز پاشەکشە ناکەین".
سەركردەكانی داعش لە موسڵ هۆشداریش دەدەن، کە کشانەوە تەنیا بە فەرمان دەبێت و هەر کەسێک بەبێ فەرمان بکشێتەوە دەکوژرێت.
داعش چەکدارانی سەرپشک دەکات لە سزادانی ئەو چەکدارانەیان، کە شەڕ ناکەن و دەڵێن "ئێوە سەرپشکن لە شێوەی سزای ئەو چەکدارانەمان، کە بەرەنگاری ناکەن".
رێكخراوی داعش فەرمان بە چەکدارانی دەکات، کە هەر چەکدارێکیان ویستی خۆی رادەستی دوژمن بکات بیکوژن، چونکە سزاکەی هەر ئەوەیە.
فەرماندەکانی داعش چەکدارانیان رادەسپێرن، ئەوانەش بکوژن، کە "بە سەرکەوتنی دوژمنانمان دڵخۆش دەبن، سزای ئەمانەش هەر کوشتنە".
راسپاردەکانی داعش بۆ شەڕی موسڵ:
- بە دانبەخۆداگرییەوە بەرەنگاری بکەن
- هەرگیز پاشەکشە ناکەین
- کشانەوە تەنیا بە فەرمان دەبێت
- هەرکەسێک بەبێ فەرمان بکشێتەوە دەکوژرێت
- سەرپشکن لە سزادانی ئەو چەکدارانەی شەڕناکەن
- هەر کەسێک خۆی رادەست بکات بیکوژن
- هەر کەسێک بە سەرکەوتنی کافران دڵخۆشبێت بیکوژن



