رووداو - ئەنقەرە
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت مشتومڕەکانی ئەمدواییەی وڵاتەکەی لەگەڵ چەند وڵاتێکی ئەوروپی نوێبوونەوەی پێکدادانی سیاسییە و دەڵێت "ئەوروپا توانای ئەوەی نییە تورکیا لەخۆی دووربخاتەوە چونکە تورکیا میوان نییە لە ئەوروپا بەڵکو خاوەن ماڵە".
لە گوتارێکی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ موختارەکانی وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هێرشیکردە سەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و بە رەگەزپەرستی تۆمەتباری کردن.
ئەردۆغان گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەورووپا کە دووچاری نەخۆشیی نەژادپەرستی بوون ناتوانن ئێمە لە ئەوروپا وەدەربنێن. ئێمە خاوەن ماڵین لە ئەوروپا نەک میوان."
ئەردۆغان باسیشی لە ناکۆکییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپا کرد و گوتی: "ئەو گرفتانەی بەم دواییە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا رووبەڕووی بووینەتەوە، پێکدادانی نوێی سیاسییە".
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندامی تەواوی یەکێتی ئەوروپا و گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی پێداین بەڵام بە ئەنقەست نەیبردە سەر، ھەرکاتێک لەبارەی ھەڵگرتنی ڤیزا، ھاوکاری بۆ پەنابەران بە بڕی شەش ملیار یۆرۆ، کردنەوەی بڕگەی نوێی بەڕووی تورکیادا ھەنگاوی ھەڵنا، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمەش نیاز پاکی خۆمان نیشان دەدەین. بەڵام ئیدی سەردەمی ئەوە بەسەرچووە تاکلایەنانە ھەنگاو بنێین".
رۆژی پێنجشەممە 24-11-2016 پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاووتوێکردن و، بڕیاردان لەبارەی رەشنووسی هەڵپەساردنی دانوستاندنەکانی ئەندامیێتی تورکیا لە یەکێتییەکە.
لەو رەشنووسەدا کە بە 479 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 37 دەنگی نەخێر و، 107دەنگی بێلایەن پەسندکرا، داوای هەڵپەساردنی دانوستاندنەکان دەکات لەگەڵ تورکیا بۆ ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە یەکێتییەکە.



