رووداو - ئەنقەرە
پارێزەری سەربازە کودەتاچییەکانی تورکیا لە یۆنان رایگەیاند، دادگای یۆنان بڕیاریداوە، سێ لە سەربازە کودەتاچییەکانی تورکیا نەگەڕێنێتەوە بۆ تورکیا.
ستاڤرۆولا تۆمارا، پارێزەری سەربازە کودەتاچییەکانی تورکیا لە یۆنان رایگەیاند، دادگا داواکارییەکی تورکیای بۆ رادەستکردنەوەی ئەو سەربازە کودەتاچییانە رەتکردووەتەوە.
تۆمارا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی یاساکان نەدەبوو سەربازەکان رادەستی تورکیا بکرێنەوە و گوتیشی "سەربازەکان ناگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا، ئەوە بڕیارێکی دادگەرانەی دادگا بوو".
دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمموزی 2016، ژمارەیەک سەرباز، کە بەشدارییان لە کودەتاکەدا کردبوو، لەڕێگەی هێلیکۆپتەرێکەوە خۆیان گەیاندە یۆنان و داوای مافی پەنابەرییان کرد. تورکیاش چەند جارێک بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی ئەو سەربازانەی کرد.



