رووداو- سلێمانی
محەممەد لە گوندەكەی خۆیان بە دوو كارەوە سەرقاڵ بوو، دووكاندار بوو، لە هەمانكاتدا ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری هەبوو، سەوزە و میوەی دانیشتووانی گوندی دەبردە شار و دەیفرۆشت، جاروباریش سەرقاڵی خزمەتكردنی باخەكەی دەبوو، بەڵام سەرقاڵبوونی محەممەد هیچی لە دەردەكەی كەم نەكردەوە، دوای نیوەڕۆیەك لە نێو باخەكەیاندا خۆی كوشت.
محەممەد حەیدەر، 21 ساڵ و دانیشتووی گوندی بێستانسووری سەر بە ناحیەی عەربەتی نزیك سلێمانی، رۆژی 9/1/2016 لە باخەی خۆیدا خۆی كوشت. نەقیب سائیب سەلام، گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو گەنجە بە چەكی تاپڕ خۆی كوشتووە، بە گوتەی باوكیشی، باری دەروونیی باش نەبووە، لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە".
بەشێك لە دانیشتووانی گوندەكە قسەی دیكە سەبارەت بە خۆكوشتنی ئەو گەنجە دەكەن. جووتیارێكی ئەو گوندە بە (رووداو)ی گوت، وەكو باسی دەكەن، ئەو گەنجە لە ماڵەوە چەكەكەی دەركردووە و لەو كاتەشدا دایكی ئاگادار بووە و هاواری كردووە ئەو كارە نەكات، بەڵام بە دایكی گوتووە "ئاگات لە خوشكەكەم بێت"، پاشان لە باخەكەی خۆیان، خۆی كوشتووە.
ئەو جووتیارە گوتی "محەممەد گەنجێكی رێكوپێك بوو، بەرهەمی كشتوكاڵی گوندەكەی بۆ سلێمانی دەگواستەوە. دوای ساغكردنەوەی، پارەی بۆ خەڵكەكە دەهێنایەوە، بەڵام دەنگۆ هەیە لە سلێمانیش ئیشی كردووە و بەو هۆیەوە قەرزار بووە و خۆی كوشتووە".
دانیشتوویەكی دیكەی ئەو گوندە كە بەشداریی مەراسیمی بەخاكسپاردن و پرسەكەشی كردووە، قسەیەكی دیكەی كرد و گوتی "لە كاتی بەخاكسپاردنی ئەو گەنجە لە گۆڕستان، دەیانگوت حەزی لە كچێك كردووە، بەڵام خێزانەكەی رازی نەبوون بیخوازێت، رەنگە بەو هۆیەوە خۆی كوشتبێت".
بەڵام عەلی عەبدوڵڵا، خزمی نزیكی گەنجەكە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردنەوە و بە (رووداو)ی گوت "كوڕێكی رێكوپێك بوو، كاسبكار بوو، لە هەموو كوڕەكانی دیكەی بنەماڵەكەشمان باشتر بوو، ئەو قسانەی كە باسی قەرزداری و پەیوەندیی خۆشەویستی دەكەن، دوورن لە راستی".
عەلی عەبدوڵڵا پێیوایە محەممەد بە هەڵە چەكی لەدەست دەرچووە و گوللەی بەركەوتووە "ئەو چەكەی محەممەد خۆی پێ كوشتووە چەكی باوكی بووە، بەڵام بە ئەنقەست خۆی نەكوشتووە، رەنگە لە نێو باخەكەیاندا خەریكی راوكردنی باڵندە و شتی وا بووبێ و گوللەی بەركەوتبێ، چونكە ئەو كوڕە هیچ كێشەیەكی نەبوو، تاوەكو گومانی ئەوەی لێ بكرێ بە ئەنقەست خۆی كوشتبێ".
كۆتایی مانگی رابردووش لە شاری هەولێر گەنجێك لە ماڵی خۆیاندا خۆی خنكاند، دوای خۆیشی نامەیەكی جێهێشتبوو ئاماژەی بەوە دابوو كە كچێكی خۆشویستووە، بەڵام شووی كردووە و بەو هۆیەوە خۆی كوشتووە. بەپێی ئاماری یەكێتی پیاوانی كوردستان، لە ساڵی رابردوودا 70 كەس لە سەرتاسەری كوردستاندا خۆیان كوشتووە.



