رووداو - سلێمانی
میدیای بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیێنێ، بە فەرمانی لاهور شێخ جەنگی بە چەکی قورس هێرشکراوەتە سەر گردی زەرگەتە و دەنگی تەقەیەکی زۆر دەبیسترێت.
میدیای فەرمیی گۆڕان داوا لە خەڵکی سلێمانی دەکات گردەکە و گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە هێرشی یەکێتی بپارێزن، بەڵام لە تووندوتیژی دووربکەونەوە و پەنا بۆ چەک نەبەن.
هاوکار یاسین، پەیامنێری رووداو لە نزیک گردەکە رایگەیاند: "کارەبای نزیک گردەکە کوژێنراوەتەوە، هێزەکە ئۆتۆمبێلی سەربازییان پێیە، ژمارەیان رەشە و لەسەریان نووسراوە کۆماندۆ، رێگاکانی دەوروپشتی گردەکە داخراون و بڵاوە بە خەڵک کراوە، ئێستا هیچ کەسێک بۆی نییە لەبەردەم گردەکە بووەستێت".
جوڵاندنی هێز لەلایەن یەکێتی لەکاتێکدایە هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنیان لە سلێمانی رەتکردەوە و دەڵێن، سیستەمی ئەلیکترۆنی دەستکاریکراوە و داوادەکەن دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، دواتر کۆبوونەوەیەکیان لە گردەکە ئەنجامدا، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش سەتان دەنگدەری گۆڕان روویان لە گردەکە کرد و داوایان کرد بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی هەبێت.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا داوایکرد هێرشكردنە سەر مەكۆی سەرەكيی بزووتنەوەی گۆڕان له سلێمانى رابگیرێت و رایگەیاند "زۆر دڵتەنگین بەرامبەر تێكدانی ئاراميی شاری سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە داوادەكەین دەستبەجێ تەقەكردن لە بارەگای حیزبەكان لە سلێمانی ڕابگیرێت و هێزە ئەمنییەكان بەرپرسیارێتيی خۆیان ئەنجامبدەن و بارەگا و بنكەی هەموو لایەنەكان بپارێزن".



.png&w=3840&q=75)