رۆمانی (ڕۆژانێك بەبێ خۆشەویستی)؛ لە ساڵی 2015دا دەزگای غوراب بۆ بڵاوكردنەوە و دابەشكردن چاپ و بڵاوی كردووەتەوە. ڕۆمانێكە؛ ڕۆمانتیك و سەر بە ئەدەبی ژنانە و هەڵگری كێشەی كۆمەڵایەتییە. كچە نووسەری میسری ئیسكەندەرانی "مونا مەنسوور" نووسیویەتی. ئەم ڕۆمانە هەڵگری خەم وخولیای ژنانە لە هەمبەر دەردەسەرییەكانی ژیان و ستەمی كۆمەڵایەتی. بوێرانە لەبارەی ڕەوشی ژنان و گرفت و كێشە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانیان دەدوێت. ئەمە وەك هەوڵێك بۆ خستنەڕووی كێشەكانیان و هەوڵێكیش بۆ دروستكردنی هۆشیاریی مرۆیی و كۆمەڵایەتی؛ لەپێناوی چارەسەركردنی كێشەی ژن. ئەگەر سەیری بنیاتی هونەریی ڕۆمانەكە بكەین؛ دەبێت لەناونیشانەوە دەستپێبكەین، ناونیشانەكە؛ لە دوو وشە پێكهاتووە: (أیام) بە واتای ڕۆژانێك دێت كە بە نەناسراو (نكرە) هاتووە، لەگەڵ وشەی (حب) كە بە واتای خۆشەویستی دێت و بەشێوەی نەرێ خراوەتە سەر وشەی (أیام) لە ڕێگای پیتی جەڕ (ب) و پیتی نەرێ (لا)، ئەم وشەیەش هەر نەناسراوە، بۆیە دەكرێت بڵێین: ئەم ڕۆمانە؛ گێڕانەوەی ڕۆژانی ڕابردووی ژیانی كەسایەتی سەرەكیە، كە خۆشەویستیی تێدا نییە، بەواتایەكی تر؛ ڕۆمانەكە؛ یاداشتنامەی كەسایەتی سەرەكیە كە لە ژیانیدا تۆماری كردوون. ئەوەی پەیوەندی بە كەسایەتییەكانەوە هەیە؛ دەبینین كە ڕۆماننووس بەچەند جۆرێكی جیا كەسایەتییەكان پێشكەش دەكات و ڕۆڵ و ئەركیان پێدەدات، ڕۆماننووس هەندێ كەسایەتی پێشكەش كردووە. كەسایەتی سەرەكی ناوی (ئیمان)ـە كە ژنێكی بێبەشە لە سۆزی باوكایەتی و، لەدوای مەرگی باوكیشی، لە خۆشەویستی براكانیشی بێبەش دەبێت. براكانی سەرقاڵی ژیانی خۆیان دەبن، (ئیمان) كە سێ برای هەیە (مەحموود، مستەفا و ئەحمەد)؛ بەزۆر بەمێرد دەدرێت بە پیاوێك بەناوی (سەڵاح)، كە لەلایەن دایكی (ئیمان) و براكانییەوە؛ بە كەسێكی باش و گونجاو وەسف دەكرێت، ئەگەرچی ئەو مێردكردن بە(سەڵاح) ڕەت ناكاتەوە؛ بەڵام زۆریشی پێ خۆش نییە، چونكە بەشێوەیەكی كتوپڕ داواكەی لێكرا، دواتر كچێكی لێ پەیدا دەبێت بەناوی (سوها)، پاشان (ئیمان) زۆر حەزی لەكاری پێشكەشكارییە و لە تەلەفیزیۆن بەرنامە پێشكەش دەكات، بەڵام وا پێدەچێت (سەڵاح) زۆر حەزی لەوە نەبێت، چونكە هیچ هاوكاری ناكات لەوەی منداڵەكەی (سوها) لەباوەش بگرێت و ئاگای لێبێت، ئەمەش (ئیمان) پەست و نیگەران دەكات تا ئەو ڕاددەیەی لەلای دایكی بێزاری دەردەبڕێ و داوای جیابوونەوە لە (سەڵاح) دەكات، بەڵام دایكی ئەمە ڕەتدەكاتەوە و پێیدەڵێ كە تۆ كەسێكی لەخۆبایی، یان ڕەنگە لەگەڵ پیاوێكی دی دەستت تێكەڵ كردبێ، هەرچی (ئیمان)ـە؛ ئەمە ڕەتدەكاتەوە، ئەگەرچی لەڕاستیدا لەگەڵ پیاوێك بەناوی (هیشام) پەیوەندی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە لە تەلەفیزیۆن، بۆ مەبەستی ڕووماڵی كۆنفرانسێكی ئەدەبی شاند دەكرێت بۆ تونس، وەلێ دایكی دەڵێت: ئیمان؛ تۆ دووگیانی و پیرۆزبایی لێدەكات. ئەویش زۆر سەرسام دەبێت، پاشان براژنەكەی (سەوسەن) پیرۆزبایی لێدەكات، دواتر (سەڵاح)یش پیرۆزبایی دووگیانبوونی لێدەكات، هەرچەندە (ئیمان) لەلای سەیرە كە دووگیان بووە، چونكە بەردەوام حەبی ڕێگری لە دووگیانبوونی خواردووە، نازانێت كە جارێك لەبیری چووە. لەڕووی ناولێنانەوە؛ ڕۆماننووس ڕەنگە بەمەبەست ئەم ناوانەی هەڵبژاردبێت، بۆ نموونە (هیشام) بەمانای هەپروونبوون و وردوخاشبوون دێت، ڕەنگە ئەمە لەشوێنی خۆی بێت، چونكە ژیانی ئاسایی (ئیمان) و (سەڵاح) تێكدەدات، هەروەها واتای ناوەكە لەگەڵ ژیانی ژنەكە دەگونجێت؛ بەوەی ڕۆژگار دەیهاڕێت و بێبەشە لە خۆشەویستیی باوك و برا و هاوسەر. هەرچی ناوی (سەڵاح)ـە؛ بەواتای چاكە و چاككردن دێت، كە بەپێی دایكی (ئیمان) بێت؛ ناوەكە گوزارشت لە كەسایەتی (سەڵاح) دەكات كە بەڕاستی كەسێكی باش و پاكە، بەڵام لەچاوی (ئیمان)ـەوە وانییە و ئەم پیاوە هی ئەوە نییە كە ببێتە هاوسەری. هەروەها كەسایەتی (سوهێر) كە هاوڕێی زانكۆیی (ئیمان)ـە، لەڕێگای ئەم كەسایەتییەوە؛ باسی شەڕی عێراق و كوێتیش دەكات، چونكە هاوسەری (سوهێر) بۆكاركردن چووەتە كوێت و لەوێ دەژین. بەپێی ئەم ڕۆمانە؛ ئەو كات سەرۆك كۆماری عێراق؛ هاواری لێهەڵدەستێ و داوای ڕاگرتنی شەڕ دەكات، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانان لە لەشكری عێراق دەدەن و لە كوێت وەدەری دەنێن. لێرەدا؛ كێشەی كۆمەڵایەتی ناو خێزان باس دەكات، كە ئەمە وەكو ئەزموونێكە لە ژیاندا، لەوەی دەكرێت مرۆڤ ڕێز لە یەكتر بگرن و ژیانیان بەخۆشی و خۆشەویستی و بێ كێشە ببەنە سەر، هەروەك ڕۆڵی باوك بەرز دەنرخێنێت، چونكە سۆزی باوك سێبەرێكە بەسەر منداڵەكانییەوە، ئەگەرچی كەسایەتی سەرەكی لەم ڕۆمانەدا؛ لێی بێبەش بووە، لەدوای باوكێكی بەرپرسیش، ڕۆڵی برا زۆر گرنگە، وەكو سایەیەك بۆ خوشكەكانی، چونكە ژیان بەرپرسیارێتیە، لە كۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەكاندا ؛ برا؛ لەدوای باوك ئەركی چاودێریكردن و بەرپرسیارێتی خێزانی دەكەوێتە ئەستۆ، بەتایبەت هی خوشكەكانی، هەروەها ژنیش وەك بوونەوەرێك مافی ژیانێكی خاوێن و شیاوی هەیە كە هەم ڕۆڵی دایك و خوشك و خێزانیش دەگێڕێت و ئەمەش گەوهەرێكە دەبێت ڕێزی لێبگرێت و لەئاستیدا بێت. هەروەها دایكایەتی بەئەركێكی سەخت دادەنێت، چونكە پەروەردەكردنی منداڵی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرباری ئەوەی ژیانی هاوسەری بەتەنیا لەبوارێكدا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكی مرۆیی و ڕەوشتیە، دەبێت بەڕەوشتەوە مرۆڤەكان لەهاوسەرگیریدا بەرپرسیارێتییەكان هەڵگرن و، ژیانێكی شیاو بەمرۆڤبوون بژین. لەلایەكی دیكەوە باسی ژیانی هاوڕێیەتیش دەكات كە دەبێت پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ڕێزیان لێ بگیردرێت و مافی خۆیان پێ بدرێت. ئیدی ئەم ڕۆمانە؛ جیهانێكی جاڵجاڵۆكەییە، تۆڕێكە بە چەندەها سەرەداو پێكەوە گرێدراوە، خەیاڵێكی بەربەرینی ڕۆماننووسە لە ژیانی واقیعیی كەسایەتی سەرەكی (ئیمان) دا. گێڕەرەوە لەم ڕۆمانەدا؛ كەسایەتی سەرەكیە و بە ڕاناوی كەسی یەكەم قسە دەكات، وەك ئەوەی هەموو شتێك دەربارەی كەسایەتییەكان بزانێت؛ وەسفیان دەكات و دەیانناسێنێ، بۆیە لێرەدا؛ ئاستی زانیارییەكانی ڕۆماننووس و كەسایەتیی سەرەكی (ئیمان) وەكو یەكە. بەڵام دوو كەسایەتی جیاوازن، واتا ڕۆمانەكە بەشێك نییە لە یاداشتەكانی ڕۆماننووس، دەكرێت سوودی لە یاداشتەكانی هاوڕێیەكی وەرگرتبێت، یانیش بەگشتی لەژینگەی ژیاندا كەڵكی وەرگرتووە و، ویستوویەتی وەكو كچێك كێشەی ژن بەگشتی بخاتەڕوو، هەروەها پەنهانییەكانیان و دیوە شاراوەكانیان پیشانبدات كە هۆی دەردەسەری و كێشەی زۆرن بۆیان. هەرچی پەیوەندی بە كاتی ڕۆمانەكەوە هەیە؛ لە دوو ئاستدایە: ئاستی یەكەمیان؛ هەمان كاتی گێڕەرەوەیە، هەروەها ئاستەكەی تر؛ هی ڕوودانی ڕووداوەكانە، بەگشتی ڕۆمانەكە باسی سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دەكات. رۆماننووس "مونا مەنسوور" لە ڕۆمانی (ڕۆژانێك بەبێ خۆشەویستی)دا؛ دەكرێت بڵێین: گەشتێك بەلاپەڕەكانی ژیانی ژنانی میسردا دەكات و، لەچاوی (ئیمان)ـەوە؛ ئەوە دەخاتە ڕوو، وەك ئەوەی بەناوی كەسایەتی سەرەكییەوە قسە بكات؛ دەیەوێت بڵێت: لەتەنیایی خۆیدا بەهاو ڕاگری ژیانی هەر دایكیەتی، هەروەك ئەوەی ئەم سەرنجە خێرایە؛ بەگێڕانەوەیەكی ڕاشكاو ناخاتەڕوو، بەڵكو وەكو پردێكی پێیزە هەڵوەریو، وەكو هێما و ئاماژەی ئەوەی ئەو لەم تەنیاییەدا؛ هۆگری لە پەیوەندییە ساردوسڕەكانی ڕۆژگاریش دەخولقێنێ، بۆیە ئەم هۆگریە؛ بارگاویە بەزۆر ئاماژەی ناڕوون، هەر ئەوەیە كە كچێك لە تەمەنێكی هەڵكشاودا؛ لەژانی دەروون و ئازاری هەستدا تابلۆی دایكی جارێكی دیكە دەكاتەوە بەپێكەنینێكی خۆڵەمێشی، پێكەنینێك وەك هەناسەی مردوو لەگەڵ بەختی وەخەبەرنەهاتووی خۆیدا. لە ڕۆمانەكەدا؛ بوێری و ڕاشكاوی هەڵدەهێنجرێت، ڕۆماننووس سەركەوتوو بووە لە پێشكەشكردنی بۆچوونەكەی لەڕێگای نووسینی هونەری ڕۆمانەوە و توانیویەتی گوزارشت لە ژیانی كۆمەڵایەتی خێزان و ناخی ژن بكات. دەكرێت بڵێین: ڕۆمانی"ڕۆژانێك بەبێ خۆشەویستی"؛ جیهانێكی جاڵجاڵۆكەییە؛ لە خەیاڵی "ئیمان"دا. "مونا مەنسوور فەرماوی" چیرۆكنووس و ڕۆمانووسێكی میسری و خەڵكی شاری ئیسكەندەریەیە. خاوەنی سێ كۆمەڵە چیرۆكە بەناوەكانی (لەپێناو كوشتنمدا گۆرانی دەڵێم)، (ئەوەی ماوەتەوە بۆم) و (فرمێسكەكانی دڵۆپە شەونم). هەروەها دوو ڕۆمانیشی بڵاوكردوونەتەوە بەناوەكانی: خەونی باوكم و رۆژانێك بەبێ خۆشەویستی.