رووداو - هەولێر
ست خەرامان، سڵاو ئەی خەم و چەندین گۆرانی بەچێژی دیكەش، خاوەنەكەیان دەڵێت بیرۆكەكەیان هەر لەنێو دووكانی بەرگدرووییەكەیدا لەدایكبوون. حەمەڕەئووف كەركووكی لەدایكبووی شاری كەركووكە، بەڵام ساڵانێكی زۆرە لە سلێمانی نیشتەجێیە. هەر ئەو شارەش بە سەردەم و قۆناغی زێڕینی ژیانی هونەریی خۆی دەزانێ.
كەركووكی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی دوایین ئەلبوومی خۆیەتی و بەنیازە ساڵی داهاتوو بڵاوی بكاتەوە. ئیدی لەدوای ئەوەش واز لە بڵاوكردنەوەی ئەلبووم دەهێنێ، چونكە دەڵێت خەڵك لە كوردستان ئەلبووم ناكڕن، بەڵام لە بەرهەمهێنانی گۆرانیی سینگڵ و بەشداری لە بۆنە هونەرییەكاندا بەردەوام دەبێت. حەمەڕەئووف كەركووكی لە هەڤپەیڤینێكدا وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو) دەداتەوە.
رووداو: ماوەیەكی زۆرە بێدەنگی و بەرهەمی نوێت نەبووە، ئێستا خەریكی چیت؟
حەمەڕەئووف كەركووكی: راستە، ئێستا سپۆنسەر و پاڵپشتیی حكومی و ئەهلی، واتە كۆمپانیاكان بۆ بەرهەمی هونەری زۆر كەم بوونەتەوە، یاخود هەر نەماون، بۆیە بەرهەمهێنانی هونەری بەگشتی كەمن، لەگەڵ ئەوەش من ئێستا لە دوایین قۆناغی ئامادەكردنی ئەلبومێكی گۆرانیدام كە ساڵی 2019 بڵاوی دەكەمەوە، ئەم ئەلبومە دوایین ئەلبومی من دەبێت و دوای ئەوە دەوەستم.
رووداو: وەستان لە ئەلبومی گۆرانی، یاخود وەستان لە بەرهەمی هونەری؟
حەمەڕەئووف كەركووكی: نا لە كاری هونەری ناوەستم، بەڵام لە بەرهەمهێنانی ئەلبوم دەوەستم، دوای ئەو ئەلبومە كە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، بەردەوام دەبم لە بڵاوكردنەوەی گۆرانیی سینگڵ، هەروەها بەشداری لە فێستیڤاڵی هونەری و كۆنسێرتی گۆرانی دەكەم.
رووداو: بۆچی لە بڵاوكردنەوەی ئەلبوم دەوەستی؟
حەمەڕەئووف كەركووكی: چونكە ئێستا لە كوردستان كەس ئەلبومی گۆرانی ناكڕێت، شتێكیش نییە بە ناوی مافی كۆپی رایت و مافی گۆرانیبێژ، ئەلبووم ئامادە دەكەیت، رۆژی دواتر كۆپییەكەی لە بازاڕە، یاخود هەمووی لە ئینتەرنێت بڵاوكراوەتەوە، واتە تۆ ناتوانی بە داهاتی ئەلبوومێكت كارێكی نوێ بكەیت، كەواتە گۆرانیی سینگڵ بڵاوبكەیتەوە باشترە.
رووداو: زۆر جار لەگەڵ بەشێك لە خانمە ئافرەتەكان گۆرانیت گوتووە، گۆرانیی دوێت، كۆنسێرتی گۆرانیشت هەبووە لەگەڵ ئافرەتانی گۆرانیبێژ، بەڵام لەگەڵ پیاوان نەتبووە، هۆكار چییە؟
حەمەڕەئووف كەركووكی: ئەمە لەبەر ئەوەیە كە من خاوەنی دەنگێكی نەرمم و تۆنی دەنگم لەگەڵ دەنگی ئافرەتان گونجاوە، بەڵێ لەگەڵ بەشێك لە خانمە هونەرمەندەكان گۆرانیی هاوبەشم هەبووە و زۆریش سەركەوتوو بووین. ئێستاش ئەگەر پڕۆژەی لەوشێوەیە هەبێت بەردەوام دەبم، بۆ نموونە كۆنسێرتی هاوبەشی من و هونەرمەند ئاڤان جەمال لە سلێمانی، چەند سەركەوتوو بوو! ئێستاش بە یەكێك لە سەركەوتووترین كۆنسێرتەكان دادەنرێت.
رووداو: پێشتر بەرگدروو بوویت، لە سلێمانی دووكانت هەبووە، ئێستاش بەردەوامیت؟
حەمەڕەئووف كەركووكی: بەڵێ، دووكانی بەرگدرووییم هەبوو، دووكانەكەم ماڵی دووەمی هونەرمەندان بوو، هەمیشە هونەرمەندان روویان تێدەكرد و لێی كۆدەبوونەوە، ئەم دووكانە لانكەی دروستبوونی چەندین گۆرانی بەناوبانگی منن، هەروەها بەرهەمی هونەرمەندان و شاعیرانی دیكەش لەو دووكانە لەدایكبوون، گۆرانی ست خەرامان و سڵاو ئەی خەم لەو دووكانە و لەسەر مەكینەكەم دروستبوون.
رووداو: جلوبەرگت بۆ هونەرمەندان دەدروی؟
حەمەرەئووف كەركووكی: بێگومان، جلوبەرگم بۆ زۆربەی هونەرمەندانی سلێمانی و هەولێریش درویوە، زۆرجاریش لێم سەقەت دەكردن.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو كەریم كابان باش بوو، دوایین جار كە بینیت كەی بوو؟
حەمەرەئووف كەركووكی: تا ئەو كاتەی دووكانم هەبوو هەمیشە دەهاتە لام و سەردانی دەكردم، بەڵام دوای نەمانی دووكانەكەم بەردەوام لە بازاڕ و چایخانە دەمبینی، قسەمان دەكرد، بەڵام دواتر كە نەخۆشكەوت لە دەرەوە نەمدەبینی، هەمیشە سەردانم دەكرد، دوایین جار كە سەردانم كرد، پێنج رۆژ بەر لە مردنی بوو.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)