رووداو - هەولێر
خەڵكی باكووری كوردستانە، بە میوانی هات بۆ هەولێر، بەڵام حەوت ساڵە لێرە بووەتە خاوەن ماڵ، بەهۆی بەشداری لە چەند پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنی و گوتنەوەی گۆرانی هونەرمەندانی دێرین ناوبانگی دەكرد، ئێستاش هەفتانە چەند شەوێك لایڤ میوزیك پێشكەش دەكات، زارین ئانجو خانمە گۆرانیبێژی باكووری كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باس لە كارە هونەرییەكانی لە باشووری كوردستان دەكات و دەڵێت بەنیازە ئەمساڵ یەكەم كلیپی گۆرانی بڵاوبكاتەوە.
رووداو: ماوەی حەوت ساڵە لە هەولێر دەژیت، ژیان لەم شارە بۆ تۆ وەك گۆرانیبێژێك چۆنە؟
زارین ئانجو: سەرەتا كە هاتم تەنیا بۆ سەردان بوو، پلانم نەبوو زۆر بمێنمەوە، بەڵام دواتر هەستمكرد لێرە دەتوانم بەخۆشی بژیم، بۆیە مامەوە.
رووداو: تۆ لە هەولێر زۆرتر لایڤ میوزیك پێشكەش دەكەی، بەو كارە هیچ داهاتێكت دەستدەكەوێ؟
زارین ئانجو: هەفتانە چەند شەوێك لایڤ میوزیك پێشكەش دەكەم، بەڵێ بەو كارە داهاتێكی باشم دەستدەكەوێت كە دەتوانم لێرە لە هەولێر پێی بژیم و بمێنمەوە. كاركردن و گۆرانیگوتن چێژێكی تایبەتم پێدەبەخشێت، من هەمیشە دەڵێم میوزیك و گۆرانی خۆراكی رۆحن، بۆیە ئەگەرچی زەحمەتی زۆرە و زۆریش ماندوو دەبم، بەڵام چێژ وەردەگرم و دڵخۆشم دەكات.
رووداو: ئەو زەحمەتییانە چین كە دێنە پێش گۆرانیبێژێكی خانم لە كاتی پێشكەشكردنی لایڤ میوزیكدا؟
زارین ئانجو: زەحمەتییەكان زۆرن، بۆ نموونە ئەگەر دڵیشت خۆش نەبێت، ناچاری كە گۆرانی بڵێیت و خۆت كەیفخۆش پیشان بدەیت، ئەمە نموونەیەكی زۆر ئاسانە. هاوڕێكانم هەمیشە وا دەزانن كە من لە كەیفخۆشی و پێكەنیندا دەژیم، بەڵام وانییە، ئێمەش بێزار دەبین، بۆ نموونە شەوێك نامەوێ گۆرانی بڵێم، بەڵام چونكە پەیوەستین بە پلان و پڕۆگرامێكی تایبەتەوە، ناچارم گۆرانی بڵێم ئەگەر دڵیشم خۆش نەبێت.
رووداو: كاردانەوەی هەواداران و میوانانی لایڤ میوزیكەكانت چین؟ زیاتر داوای چ گۆرانییەك دەكەن؟
زارین ئانجو: ئەوان هەمیشە داوای گۆرانییە كۆنە كوردییەكانم لێدەكەن، بەتایبەتی گۆرانی سۆرانی، منیش پێشكەشیان دەكەم، بەڵام شتێك كە دڵم ناخۆش دەكات ئەوەیە پیاوان خۆشەویست و هاوژینەكانیان لەگەڵ خۆیان ناهێننە لایڤ میوزیكەكان، هەمیشە دەبینی زۆرترین ئەو كەسانەی كە دێن پیاون، ئەوە دڵتەنگم دەكات، هەمیشە داوایان لێدەكەم و دەڵێم جاری داهاتوو لەگەڵ خۆشەویستانتان وەرن بۆ لایڤ میوزیك.
رووداو: باشە تا ئێستا كە تەنیا لە پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنی و لایڤ میوزیك دەركەوتووی، بەنیازنیت گۆرانی خۆت هەبێت؟ یان كلیپی گۆرانی تایبەت بە خۆت بڵاوبكەیتەوە؟
زارین ئانجو: لە ساڵی 2019 یەكەم كلیپی گۆرانی خۆم بڵادەكەمەوە. ئەویش گۆرانییەكی سۆرانی كۆنی كوردییە و بەشێوەیەكی نوێ گوتوومەتەوە. كلیپەكە ئامادەیە و هەموو كارەكان تەواو بوون، تەنیا ماوە بڵاوی بكەمەوە، بەڵام سەبارەت بە گۆرانی خۆم، من دەمەوێ ئەوە بڵێم كە زۆر هەستیارم لە هەڵبژاردنی ئاواز و تێكستی گۆرانی، پێشتر زۆر هەوڵمداوە كە گۆرانی خۆمم هەبێت، بەڵام نەمتوانیوە تێكستی جوان و گونجاو و ئاوازی باش بدۆزمەوە، زۆر كەسیش هاوكارییان كردووم، بەڵام نەگەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی كە تەواو ئەوەیە ئەو تێكست و ئاوازەی من دەمەوێت.
رووداو: ژیانت لە هەولێر جگە لە گۆرانی و لایڤ میوزیك بەچی بەسەر دەبەی؟
زارین ئانجو: جگە لە كاری هونەری، كاتەكانم لەگەڵ هاوڕێكانم بەسەر دەبەم، هەروەها خواردن دروستدەكەم، من حەزم لە كاری پاككردنەوەی ماڵ نییە، بەڵام حەز دەكەم خواردن دروست بكەم.
رووداو: خواردنی خۆش دروستدەكەی؟
زارین ئانجو: بەڵێ، هاوڕێكانم پێمدەڵێن كە من زۆر بە باشی خواردن دروستدەكەم، بەتایبەتی زۆر حەز بە دۆڵمەی من دەكەن، منیش كەسێكم حەز بەتەنیایی ناكەم، بۆ نموونە حەز ناكەم بەتەنیا نان بخۆم، هەر كاتێك خواردنێكی خۆش دروست بكەم، هاوڕێكانم بۆ لای خۆم بانگهێشت دەكەم، یان خۆم دەچم بۆ لایان و پێكەوە خواردنەكە دەخۆین.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)