لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 بۆ کارێكی میدیایی لەگەڵ چەند هاوکارێكم لە شاری ئەبەردین لە سکۆتلەندا، لە بەریتانیا بووین، پلانی هەموو شتێكمان دانابوو، جگە لە سەردانکردنی فریاکەوتن، بەهۆی نەخۆشکەوتنی هاوڕێیەکمان ناچاربووین سەردانی فریاکەوتنی یەکێك لە نەخۆشخانەکان بکەین، کە گەیشتین ناچاربووین نزیکەی 10 کاژێر بۆ بینینی پزیشك چاوەڕێبکەین. زۆر دڵخۆشبووین کاتێك گەیشتینە بەشی فریاکەوتنی ئەو نەخۆشخانەیەی ئەبەردین، نەخۆشخانەکە چۆڵ و بێدەنگ بوو، بە دڵنیاییەوە لە 5-10 نەخۆش زیاتری لێنەبوون، ئەوانیش ئارام لە شوێنەکەیان دانیشتبوون، بەشێكیان خەریکی مۆبایل و بەشێكیش لەسەر کورسییەکە سەر لەسەر شانی هاوەڵەکەیان خەویان لێکەوتبوو، دڵخۆشییەکەمان زۆری نەخایاند کە بینیمان بە دەستوخەتێكی ناشیرین و ناڕێك، لەسەر کاخەزێكی سپی کە بەدیوارەکەوە لە چەند شوێنێك هەڵواسرابوو، نووسرابوو "Waiting Time 7-10 hours"، واتە ماوەی چاوەڕوانیکردن، 7 تاوەکو 10 کاژێر. نەخۆشەکەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاو بووەتەوە کە خانمێك گلەیی لە خزمەتگوزاریی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا دەکات، دیارە لەکاتی کارکردن بۆ نەخۆشەکە، منداڵەکە بەردەوام دەگریەت، دایکەکە تەواو لەسەر حەقە، کە خەمی منداڵەکەیەتی و منداڵەکەی دەگریێت، بەڵام زۆرجار لەدوای رووداوەکان و لەکاتی چارەسەر، ئەوەی منداڵەکە دەگریەنێت ژانی زۆر و نەبوونی سڕکردن نییە، ترسی منداڵەکەیە لە برین، قەرەباڵخیی دەوروبەر و تەنانەی ژینگە نوێیەکەی نەخۆشخانەکەیە. 100 نەخۆش بە 5 کاژێر؛ بایەخ بە نەخۆشەکان نادرێت؟ لەدوای دامەزراندنمەوە تاوەکو ئێستا کە پسپۆڕی پزیشكیی فریاکەوتنم، لە زۆربەی نەخۆشخانەکانی هەولێر و سۆران کارم کردووە، دڵنیام کە: هیچ کاتێك لە بەشی راوێژکاریی نێو نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان و لە فریاکەوتنەکانیش، "هیچ نەخۆشێكی کتوپڕ کاژێرێك چاوەڕێی پزیشكی نەکردووە"، بە دەیان جار لە راوێژکارییەکان بە کەمتر لە 5 کاژێر، لەنێوان 90 بۆ 100 نەخۆش لەلایەن دوو پزیشكەوە دەبیندرێن. کاتێك باسی بینینی نەخۆشی زۆر دەکرێت، زۆر راستە ئەگەر بڵێن "ناتواندرێت بە تەواوی کات بە نەخۆشەکان بدرێت"، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین، زۆرجار لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان کاری بنکە تەندروستییەکانیش دەکەین، راوێژکاریی پشکنینی گشتی، پشکنینی پەستانی خوێن، شەکرە، گرانەتا و هەوکردنی میزەڕۆش دەکەین. نەخۆشەکانمان فێربوون لەجیاتی بنکە تەندروستییەکان، هەموو دێنە فریاکەوتنەکان، "ئەمە بە تەواوی پێویستی بە رێكخستنەوەیە". سەرباری کەمیی بەشێك لە پێویستییەکان، کەمیی دەرمان و جێگەی خەواندنی نەخۆش، ئێستاش لە فریاکەوتنەکانی خۆمان کارە رۆتینەکان کەمترن، چاوەڕوانی نەخۆش زۆر زۆر کەمترە و بەراورد بەوانەی دەرەوە ناکرێت، نەخۆشەکان بەباشی جیا دەکرێنەوە، خزمەتگوزارییە پێویستییە پزیشكییە کتوپڕەکان زۆر بەباشی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێن، ئەوانی دیکەش دەنێردرێنە پسپۆڕیی دیکە یان ماڵەوە. 23 هەزار نەخۆش بەهۆی نۆرەگرتنەوە گیانیان لەدەستداوە کۆلێژی شاهانەی پزیشكیی فریاکەوتن لە بەریتانیا کە خۆم لەم کۆلێژە بڕوانامەم وەرگرتووە رایدەگەیێنێت؛ ساڵی 2022 لانیکەم ملیۆنێك و 650 هەزار کەس بۆماوەی 12 کاژێر لە فریاکەوتن چاوەڕوانی چارەسەربوونە، بەپێی هەمان داتا دەیخەمڵێنن، لانیکەم 23 هەزار نەخۆش بەهۆی زۆری نۆرەگرتنەوە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێكدا لە هەرێمی کوردستان بە دەگمەن گوێبیستی ئەوە دەبین کە کەسێك بەهۆی زۆری نۆرەگرتن گیانی لەدەستدابێت.
بیروڕا17-06-2026چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق: سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی لایەنە سیاسییەکانزوبێر رەسوڵ
بیروڕا16-06-2026گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا و پێگەی کورد: جوگرافیایەکی گرنگتر و ئۆتۆنۆمییەکی کەمتر؟زریان رۆژهەڵاتی