رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای سکای (Sky) رازی بووە بە کڕینی بەشی میدیا و ئینتەرتەیمێنتی کۆمپانیای ITV لە مامەڵەیەکدا کە بەهاکەی دەگاتە 1.6 ملیار پاوەند (2.1 ملیار دۆلاری ئەمریکی). بەم هەنگاوەش، گەورەترین دەزگای پەخشی بازرگانی لە بەریتانیا دروست دەبێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیا نەریتییەکانی تەلەڤزیۆن هەوڵ دەدەن قەبارەی خۆیان گەورەتر بکەن بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ زەبەلاحە جیهانییەکانی بواری "ستریمینگ" وەک نێتفلێکس، دیزنی پڵەس، ئەمازۆن پرایم ڤیدیۆ و یوتیوب.
ئەم مامەڵەیە کەناڵە تەلەڤزیۆنییە بێبەرامبەرەکانی ITV و سەکۆی پەخشی (ITVX) دەگرێتەوە، بەڵام بەشی (ITV Studios) ناگرێتەوە کە لقی بەرهەمهێنانی بەرنامە ناودارەکانی وەک (I'm A Celebrity)ـیە و وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە. پێشبینی دەکرێت کۆمپانیا یەکگرتووەکە بگاتە زیاتر لە 20 ملیۆن خێزان لە بەریتانیا و کۆنترۆڵی نزیکەی 70%ی بازاڕی ریکلامی تەلەڤزیۆنی ئاسایی بکات؛ هەروەها ببێتە هۆی پاشەکەوتکردنی نزیکەی 200 ملیۆن پاوەند لە تێچووی ساڵانەدا. تەواوبوونی مامەڵەکە بەندە بە رەزامەندیی دەسەڵاتدانی حکومەت و لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەکان. چاوەڕوان دەکرێت لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027دا مامەڵەکە بگاتە قۆناخــی کۆتایی و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆکردنەوەی ئەزموونی دەیان ساڵە
دانا سترۆنگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی سکای، مامەڵەکە بە دەرفەتێکی نایاب پێناسە دەکات و دەڵێت: "ئەم یەکگرتنە، مێژووی 70 ساڵەی پەخشی ITV لەگەڵ ئەزموونی 30 ساڵەی سکای لە بواری ئینتەرتەیمێنت، وەرزش و داهێنان کۆ دەکاتەوە."
دانا ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمپانیا گەورەکراوەکە توانای ئەوەی هەیە ببێتە پاڵەوانی نیشتمانیی بەریتانیا لە بواری پەخشدا و لە پێگەیەکی باشتردا بێت بۆ رکابەریکردنی سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. ناوبراو هەروەها جەختی لە دەوڵەمەندیی سەکۆی سکای لە بواری وەرزشدا کردەوە و گوتی: "ئێستا سکای مانگانە زیاتر لە 3,000 چالاکیی وەرزشی پەخش دەکات و پلانمان هەیە بەرنامە وەرزشییە نایابەکان لەسەر کەناڵە بێبەرامبەرەکانی ITV فراوان بکەین بۆ راکێشانی بینەری زیاتر و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە وەرزشدا لە سەرانسەری بەریتانیا."
پاراستنی رەسەنایەتی و سەربەخۆیی هەواڵەکان
لەلایەکی دیکەوە، کارۆلین مەککۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ITV، رایگەیاند کە رێککەوتنەکە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییە خێراکانی جیهانی میدیایە کە تێیدا بینەران لە چەند کەناڵێکی دیاریکراوەوە گۆڕاون بۆ سەدان سەکۆی پەخش کە رکابەری لەسەر بینەر و داهاتی ریکلام دەکەن. کارۆلین دەڵێت: "ئەم یەکگرتنە ئەو قەبارە پێویستە دەداتە هەردوو کۆمپانیا بۆ رکابەریکردنی زەبەلاحە تەکنەلۆژی و میدیایییەکانی وەک نێتفلێکس، دیزنی، ئەمازۆن، ئەپڵ، مێتا، گۆگڵ و تیکتۆک، هاوکات خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانی ITV لە تەنیشت بازرگانیی سکای دەپارێزێت کە بە پارەیە."
مەککۆڵ جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە پاڵپشتی لە بەردەوامیی وەبەرهێنان لە دراما، ئینتەرتەیمێنت، وەرزش و رۆژنامەوانیی بەریتانیا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا نووسین و شێوازی ئامادەکردنی هەواڵەکان لە هەردوو کەناڵی Sky News و ITV News بە جیاوازی و سەربەخۆیی دەمێننەوە. هەردوو کۆمپانیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە فرەچەشنیی هەواڵ دوای یەکگرتنەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
دانا سترۆنگ دەڵێت کەناڵەکان بە سەربەخۆیی بەردەوام دەبن و رۆژنامەوانیی ناوچەیی (لۆکاڵ) بە یەکێک لە گەورەترین دەرفەتەکانی ناو رێککەوتنەکە دەبینێت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە سکای بە نیازی بەهێزکردنی رووماڵی هەواڵە ناوچەیییەکانی ITVیە لە رێگەی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە تاوەکو هەواڵە لۆکاڵییەکان بۆ بینەران لە هەموو بەریتانیا بەردەستتر بن. کارۆلین مەککۆڵ هەروەها گوتی کە سکای پابەند بووە بە پاراستنی ئەرکەکانی ITV لە بواری پەخشی خزمەتگوزاریی گشتی تاوەکو ساڵی 2034، ئەمەش بەردەوامیی وەبەرهێنان لە هەواڵ و بەرنامەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندیی گشتی گەرەنتی دەکات.
پاشخانی دارایی و خاوەندارێتی
کۆمپانیای سکای، کە خاوەنی تەلەڤزیۆن، ئینتەرنێت و مۆبایلە لە بەریتانیا، خاوەندارێتییەکەی بۆ کۆمپانیای (کۆمکاست)ـی ئەمریکایی دەگەڕێتەوە. لە ساڵی 2018دا کۆمکاست، سکای بە بڕی نزیکەی 30.6 ملیار پاوەند (39 ملیار دۆلار) کڕی و لەو کاتەوە کارەکانی سکای لە ئەورووپادا فراوان کردووە. بەپێی مامەڵەکە، کۆمپانیا نوێیەکە دەبێتە بەشێک لە (NBCUniversal) کە خۆی بەشێکە لە بازرگانیی کۆمپانیای کۆمکاست. شرۆڤەکاران دەڵێن ئەم مامەڵەیە یەکێکە لە گرنگترین گۆڕانکارییەکانی پیشەسازیی میدیا لە بەریتانیا و چیدیکە تەلەڤزیۆنەکان ناتوانن بە تەنیا لە بەرامبەر سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا خۆیان بگرن و پێویستییان بەم جۆرە هاوئاهەنگیــیانە هەیە تاوەکو بگەەنە لووتکەی کێبڕکێکان.
