لەوانەیە هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، تەنیا رووداوێکی ئەمنیی نەبێت؛ بەڵکو بەشێکبێ لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ بەرزکردنەوەی قۆناخ بەقۆناخی گرژییەکان، تاقیکردنەوەی بۆشایی بەرگریی ئاسمانی و گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان لە دوو ئاستی دۆخی حیزبەکانی رۆژهەڵات و پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، هێرشەکە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی جۆری حەدید–١١٠ کراوە و درۆنەکانیش لە دیوی سنووری ئێرانەوە هاتوون. حەدید–١١٠ درۆنێکی جێت-پاوەری یەک ئاراستەیە کە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، خێراییەکەی نزیکەی ٥١٠ کیلۆمەترە لە کاژێرێک دا و مەودای نزیکەی ٣٥٠ کیلۆمەتر دەبڕێت. بەو پێیەش دەکرێ شوێنی هەڵدانی درۆنەکە لەنێو بازنەی ٣٥٠ کیلۆمەتریی پیرمام دا بێت؛ ئەمەش هەڵدانی لەنێو خاکی رۆژئاوای ئێران یان ناوچە سنوورییەکانی دا دەکاتە گریمانەیەکی تەکنیکیی گونجاو.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی ئەم هێرشە کرا؟ دەشێ ئەم هۆکارانە دابنرێن:
یەکەم، دەکرێت هێرشەکە بەشێکبێ لە هەوڵێکی گشتی بۆ بەرزکردنەوەی کۆنتڕۆڵکراو و قۆناخ بەقۆناخی گرژییەکان. دۆخی ئێستا بۆ ترەمپ دوو شەشە؛ بەبێ شەڕ گوشارێکی گەورەی لەسەر تاران دروستکردووە، بەڵام ئەم دۆخە بۆ تاران نالەبارە. گوشاری گەمارۆ و ئابڵۆقەی دەریایی لەسەر ئێران زیاد بووە و بەرپرسانی تاران باسی کەمیی سووتەمەنی و کارەبا و زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان دەکەن. موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەم دۆخە بۆ ئێران قبووڵکراو نییە. رۆیتەرزیش لە بەرپرسێکی ئێرانییەوە باسی ئەوەی کردووە کە تاران ماوەیەکی چەند هەفتەیی داناوە و ئەگەر دۆخی ئێستا نەگۆڕێت، هەڵوێستیان لە بەرگرییەوە دەگۆڕێت بۆ هێرش. لەو چوارچێوەیەدا، هێرشێکی سنووردار بۆ سەر ئامانجێکی سیاسی و ئەمنیی هەستیار بەبێ تێچوویەکی زۆر، دەتوانێ ئەو پەیامەی تێدابێت کە ئێران هێشتا دەیەوێت شەڕ دەست پێبکاتەوە و گرژییەکان بۆ دەوروبەر بگوازێتەوە ئەگەر گەمارۆکەی ئەمریکا بەردەوامبێت.
دووەم، لەوانەیە هێرشەکە تاقیکردنەوەی بەرگریی ئاسمانیی هەولێربێت. لە ماوەی شەڕی ٤٠ رۆژەدا سیستەمی بەرگری بەشێوەیەکی کارا بەرپەرچی هێرشەکانی سەر هەولێری دەدایەوە، بەڵام بەم دواییانە هەواڵی گواستنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان و پاتریۆتی ئەمریکی لە هەولێر بڵاوکرایەوە. لەوانەیە هێرشەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئەوەبێ کە ئەمە راستە یان نا و، ئەگەر سیستەمی جێگرەوە هەیە کامەیە.
بەکارهێنانی حەدید–١١٠ لەم رووەوە واتادارە؛ خێرایی زۆر، بزوێنەری جێت و توانای خۆدزینەوە لە رادار، کاتی وەڵامدانەوەی بەرگریی ئاسمانی کەم دەکەنەوە. ئەگەر درۆنەکان بەبێ رێگری گەیشتبنە ناوچەی بەئامانجکراو، هێرشەکە دەتوانێ زانیارییەکی گرنگ لەبارەی رادار، ئاستی ئامادەیی و ماوەی وەڵامدانەوەی سیستەمە بەرگرییەکان بەدەستەوە بدات.
سێیەم، هێرشەکە دەتوانێ تاقیکردنەوەی بەڵێنەکانی بەغدا و هەولێربێت بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە. دوای هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز، حکومەتی عێراق بەڵێنیدا کۆمپانیاکان و ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت . لەوانەیە هێرشەکە بۆ ئەوەبێ کە ئایا عێراق بەپشتبەستن بە کام سیستەمی بەرگری بەڵێنی پاراستنی بە کۆمپانیا نەوتییەکانی داوە، کە زۆر پێویستی بە کارکردنەوەی ئەوانە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە.
عێراق لە ٢٠٢٤دا گرێبەستی کڕینی سیستەمی مامناوەندی Cheongung-IIی کۆریای باشووری واژۆکردووە، بەڵام دامەزراندن و چالاککردنی تەواوی تۆڕەکە کاتی دەوێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە دەشێ عێراق گرفتی پێدانی دەستبەجێی پارەی هەبێت لەم کاتانەدا، بەتایبەتی کە چەند مانگێکە گرفتی هەناردەی نەوتی هەیە. تاوەکو هاتنی ئەو سیستەمەش، عێراق ناچارە پشت بە سازانی سیاسی و سیستەمە کورتمەوداکانی وەک ئەڤەنجەر و پانتسیر ببەستێت. ئەم سیستەمانە دەتوانن بەرامبەر هەندێک جۆری درۆن کاریگەربن، بەڵام خێرایی و تایبەتمەندییەکانی حەدید–١١٠ وادەکات کە دۆزینەوە و پێكانیان لەلایەن ئەو سیستەمانەوە سەخت بێت.
چوارەم، هێرشەکە نیشانەی گۆڕانێکی گرنگە لە جۆری ئامانجەکان دا. لە ماوەی رابردوودا زۆربەی هێرشەکان ژێرخانی وزە، بنکە سەربازییەکان یان بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردبووە ئامانج؛ بەڵام ئەم جارە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسێکی باڵای پاراستن کراونەتە ئامانج. ئەمە دەتوانێت پەیامێکی راستەوخۆتربێت بۆ سەرکردایەتیی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا پێشتریش چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی کرابوونە ئامانج.
لە دیدی تارانەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا پەیوەندیی بە چەند نیگەرانییەکی ستراتیژیی ئێرانەوە هەیە: بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، نزیکتربوونەوەی هەرێمی کوردستان لە تورکیا، گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە ناوچە سنوورییەکان. ئەگەر پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکەش سەرکەوتووبێت، دەتوانێ ئازادیی جووڵە و هەژموونی تورکیا لە عێراق و ناوچە سنوورییەکاندا زیاد بکات و ناوچە شاخاوییەکانی سنوور چۆڵ دەکات کە ساڵانێکە بەهۆی هەبوونی پەکەکەوە شوێنی هێزی دیکەی تێدا نەدەبووەوە. ئەمەش گۆڕانێکە کە لەوانەیە لە تاران بە نیگەرانییەوە تەماشای بکرێت.
ئێران گوشارێکی زۆر دەکات بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی ئەمنیی خۆی لەگەڵ عێراق کە ساڵی ٢٠٢٣ مۆرکرا و لە ٢٠٢٥دا فراوانترکرا، ئێستاش دەیەوێت بە پاساوی پابەندنەبوونی لایەنەکان گۆڕانکاریی دیکەی تێدا بکرێت. ئەمەش بابەتێکە کە لەوانەیە بۆ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان ئاسان نەبێت، بەتایبەتی کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا، بە کردەوە کارێکی ئەوتۆیان دژی ئێران نەکردووە.
بەم پێیە، بەهێزترین لێکدانەوە ئەوەیە کە هێرشەکە لە یەک کاتدا پەیامێکی سیاسی، تاقیکردنەوەیەکی تاکتیکی و نیشاندانی توانا و خواستی بەرزکردنەوەی گرژییەکان بووە.



