لە دوو سێ رۆژى رابردوو لە مەراسیمێکى ساردوسڕ و بێ بەشدارى فراوانى خەڵک و کەسوکاریان و تەنانەت بەبێ بەشداریى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى لایەنە پەیوەندیدارەکانى خودى دۆسییەکە، رووفاتى 153 ژن و منداڵى ئەنفالکراوى گەرمیان و قەڵاسێوکە، لە بەغداوە گەیێندرایەوە سلێمانى. نەک بەرپرسە باڵاکانى حکومەت و حیزب، پارێزگارى شارەکەیش لە پێشوازیاندا نەبوو.
رووفاتەکان پێش دوو ساڵ، واتا لە کۆتایى ساڵى 2024 لە یەکێک لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانى بیابانەکانى پارێزگاى سەماوە لە (تەلشێخە) دەرهێندرابوون. سەرجەمیان ژن و منداڵن و بەشێک بوون لەو دەیان هەزار ژن و منداڵەى کورد کە لە پرۆسەى ئەنفال ساڵى 1988 لە بیابانەکانى عێراق کۆمەڵکوژ کراون. لەدواى هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکە و دەرهێنانەوەى رووفاتەکان، گوێزرانەوە بۆ بەغدا، تا بەپێى یاساى پاراستنى گۆڕەبەکۆمەڵەکان، پەیمانگەى پزیشکى دادوەریی عێراق کە سەر بە وەزارەتى تەندروستییە، توێکارى بۆ رووفاتەکان بکات، بە وەرگرتنى سامپڵى دى ئێن ئەى لە رووفاتەکان و کەسوکاریان، قوربانییەکان بناسرێنەوە و دواى ئەوە تەسلیم بە کەسوکاریان بکرێنەوە.
بەڵام هیچ کام لەو رێوشوێنە یاساییانە نەگیراونەتەبەر کە لە یاساى پاراستنى گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا دیارکراوە. دواى مانەوەى نزیک بە دوو ساڵ، نە پشکنینى دى ئێن ئەى بۆ رووفاتەکان و نە بۆ کەسوکاریان کراوە. لەکاتێکدا بەهۆى ئەوەى بەشێک لەو خاتوونانەى ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکان، ناسنامەى خۆیان و منداڵەکانیان لە بەرۆکیان بووە و بەهۆیەوە دەزاندرێت کێن و خەڵکى کام گوند و ناوچەى کوردستانن و بە ئاسانى دەتواندرا کەسوکاریشیان ئەوانەى لەژیاندا ماون بدۆزرێنەوە. کەچى ئەو رێگە ئاسانەشیان نەگرتەبەر.
من دەزانم دەسەڵاتدارانى عێراق بە سوننە و شیعەوە نایانەوێ بایەخ بە پرسى ئەنفال و گۆڕەبەکۆمەڵەکان بدرێت، نایانەوێ ئەم بابەتە ببێتە هۆکارى ناساندنى زیاترى تاوانەکانى دەوڵەتى عێراق بەرامبەر بە گەلى ستەمدیدەى کورد. پێیان خۆش نییە پرسى هەڵدانەوەى گۆڕەبەکۆمەڵەکان ببێتە بابەت و کەرەسەیەکى میدیاى جیهانى و بەهۆیەوە پرسى کورد بخرێتەوە بەرچاو، بەڵام ئەوەى جێى هەڵوەستە و تێڕامانى قووڵە ئەوەیە کورد خۆى بۆ دەبێتە بەشێک لەو ئەجێندا دووژمنکارییەى بەرانبەر بە گەلى کورد لە ئارادایە.
چەند پۆست و پێگەى بەغدا بەدەستى کوردەوەن، چەند پەرلەمانتار و بریکارى وەزیر و راوێژکار و بەرپرسمان هەیە لە دەزگا و دەستە جۆراوجۆرەکانى عێراق، ئایا هۆکار چییە هیچ کەسێکیان لەو مەراسیمەى بەعدا بەشدار نەبوون کە رووفاتەکان رادەستی نێردەى بەڕێوەبەرێتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى سلێمانى کرانەوە. راوێژکارێکى سەرۆکایەتیى کۆمار لەوێ بوو، هەڵە نەبم ئەویش عەرەب بوو.
سەرۆککۆمار، جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى داد، وەزیرى ژینگە، جێگرى سەرۆکى پەرلەمان، دەیان راوێژکار و بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرى گشتى کوردن، فراکسیۆنەکانى پەرلەمان و پەرلەمانتارانى کورد، تەنانەت حیزبەکانیش بارەگا و نووسینگەى مەکتەبى سیاسییان لە بەغدا هەیە، لە کوێ بوون؟ بۆچى کەسیان بەشدار نەبوون لەو مەراسیمە ساردوسڕ و بێبایەخەى رووفاتى 153 ژن و منداڵى کورد درایەوە کوردستان؟
من دڵنیام ئەگەر لە رێوڕەسمی عاشوورا و چلە و شینى ئیمام حوسێندا، بەهۆى وەرگەڕانى چەند پاسێکەوە 153 زیارەتکارى ئێرانى ببونایەتە قوربانى، ئەوەى بۆ تەسلیمکردنەوەى رووفاتى ئەنفالەکان روویدا بۆ مەراسیمى ناردنەوەى زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن بووایا، سەرۆککۆمار، جێگرى سەرۆکوەزیران و سەرجەم وەزیر و بریکار و پەرلەمانتارانى کوردستان و تەنانەت لە کوردستانیشەوە دەسەڵاتدارانى حیزب و حکومەت ئاپۆرەیان دەبەست بۆ بەشداریکردن و دانانى تاجەگوڵینە لەسەر رووفاتەکان، بەڵام بۆ رووفاتى ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکانمان هیچ کەسێکیان، حزووریان نەبوو.



